کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەوت کردنی ژمارەیەک لە ماهوارەی هاووڵاتییانی ناوچەی سۆمای برادۆست

14:24 - 9 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لە ناوچەی سۆمای برادۆست سەربە ناوچەی ورمێ، هێزەکانی رێژیمی ئێران ژمارەیەک لە ماهوارەی هاووڵاتییانی زەوت کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، هێزەکانی رێژیمی ئێران لە ژمارەیەک گوندی ناوچەی سۆمای برادۆست وەکوو \'\'شکەوتک، بهیک، چەمان، خوشوولان و سۆفی کانی\'\'، کۆمەڵێکی زۆر لە ماهوارەی هاووڵاتییانیان زەوت کرد.
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی ناوچەی سۆمای برادۆست سەبارەت بە ئامانجی کۆکردنەوە و زەوت کردنی ماهوارەی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'هێزەکانی رێژیم بەو کارە دەیانهەوێ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگەیەنە کوردی و بیانییەکانی دژبەری ئێران بگرن\'\'.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وتیشی: \'\'هاووڵاتییانی کورد لە ناوچەی ورمێ لە بینین و چاو لێ کردنی راگەیەنەکان و دەنگ و رەنگی رێژیم ناڕازین و بنەماڵەکان زیاتر روویان لە بەرنامە رەنگاوڕەنگ و جۆراوجۆرەکانی کاناڵە ئاسمانییەکانی سەربە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری رێژیم کردووە\'\'.
١٩ ساڵە یاسای قەدەغە کردنی ماهوارە لە ئێراندا پەسند کراوە، بەڵام لەو کاتەوە هەتا ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ هاووڵاتییانی ئێرانی زیاتر لە ماهوارە کەڵک وەردەگرن، ئەوەش هۆکارەکەی بۆ سەرنجڕاکێش نەبوونی بەرنامەکانی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئێران دەگەڕیتەوە کە وەڵامدەری ویست و داخوازییە جۆراوجۆر و فەرە رەنگەکانی خەڵک نییە.
رێژیمی ئێران لە رێگای جۆراوجۆرەوە وەکوو بەکارهێنانی هێزی نیزامی لەمەڕ کۆکردنەوەی ماهوارە و بەکار بردنی پارازیت و دروست کردنی پشێوی لە شەپۆلەکانی ماهوارە، پێش بە گەیشتنی دەنگ و رەنگی ئازاد بە خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان دەگرێت.