کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای نەختی بۆ هاووڵاتییەکی کورد بڕایەوە

15:44 - 22 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی دەوروبەری پاوە، بە تۆمەتی بڵاو کردنەوەی درۆ و بوختان و بێ‌حورمەتی پێ کردن بە دانی سزای نەختی مەحکووم کرا.


ئاژانسی هەواڵی موکریان بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی باینگان سەربە شاری پاوە، بەناوی ئوریا فەرەهمەند بەتۆمەتی بڵاو کردنەوەی درۆ و بوختان لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای گشتیی شاری کرماشانەوە بە سزای نەختیی ٥٠٠ هەزار تمەن مەحکووم کرا.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە ناوبراو بە تۆمەتی بڵاو کردنەوەی درۆ و بوختان بە ٢٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی و هەروەها بەهۆی تاوانی بێ‌حورمەتی پێ کردن بە دانی ٣٠٠ هەزار تمەن مەحکووم کراوە.
ئەم سزایە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای گشتیی شاری کرماشانەوە دەرکراوە و ناوبراو ماوەی ٢٠ رۆژی دەرفەتی پێدراوە، ئیعتراز بەو حوکمە بکا.
پێشتریش دوو خوێندکاری زانینگەی شەهری کورد بە تۆمەتی ئەندامەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر ئێنتێرنێت و بڵاو کردنەوەی تۆمەت و بێ‌حورمەتی پێ کردن بە پیرۆزییەکان لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتیی ئەو زانینگەوە سەرکۆنە کراون.