کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سعوود ئەلفەیسەڵ: پێویستە ئێران رێز لە یاساکان بگرێت

12:39 - 25 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری دەرەوەی سعوودی رەخنەی توندی لە ئێران گرت و داوای لەو وڵاتە کرد مڵکەچی داخوازییە نیودەوڵەتییەکان بێت.


هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردەوە، سعوود ئەلفەیسەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی شانشینی سعوودی لە وتووێژێکی هاوبەش لەگەڵ هاوتای ئوتریشیی خۆی، روو لە ئێران وتی: ئێران پێویستە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت.
وەزیری دەرەوەی سعوودی لەم کۆنفڕانسەدا وتیشی، ئێمە دەمانهەوێ چەکە ناوکییەکان لە ناوچەکەدا داماڵین و ئێران پیویستە ئەم یاسا گشتییە رەچاو بکات.
ناوبراو هەروەها لەسەر رێککەوتنی رێژیمی ئێرانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەروەندە ناوکییەکەی پیداگریی کردەوە.
سعوود ئەلفەیسەڵ هەروەها سەبارەت بە سووریە وتی: دەستێوەردانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریە پێویستە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی سعوودی لە کاتێکدا باس لە دەستێوەدانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ چارەسەریی قەیرانی سووریە دەکات کە ژمارەی کوژراوانی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئێستا گەیشتووەتە ٧٠ هەزار و ئەنجومەنی ئەسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە هیچ رێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو مەسەلە بگرێتە بەر.