کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی تایبەت بۆ ئەحمەد شەهید لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو

14:58 - 21 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سمینارێکی تایبەت بە ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران بەشداریی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٨ی رەشەمە، لە پەراوێزی ٢٢مین خولی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، سمینارێک بۆ ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆسیەی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەڕێوەچوو.
لە بەشی یەکەمی ئەم سمینارەدا کە لەلایەن رێکخراوی سوودینـەوە رێکخرا بوو، چەندین باس و بابەت لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ و مافی ژنان، بەتایبەت سەبارەت بە نەتەوەکانی ئێران پێشکەش کرا.
دواتر ئەحمەد شەهید باسێکی لەسەر بەشێک لە دووهەمین راپۆرتی خۆی، پێشکەش بە بەشداربوانی سمینارەکە کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا بەشداربوان باس و پرسیارەکانی خۆیانیان ئاراستەی شەهید کرد و لەلایەن ناوبراوەوە وەڵام درانەوە.
لەم سمینارەدا داوا لە ئەحمەد شەهید کرا، سەردانی زیندانەکانی کوردستانی ئێران بکات و بیروڕای گشتی لە بارودۆخی زیندانەکانی کوردستان ئاگادار بکاتەوە.
پێشێل کرانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، کوژرانی کۆڵبەرانی کورد، گیرانی ئەم دواییانەی چالاکانی سیاسی، رۆژنامەوانی، فەرهەنگی، کرێکاری و ئایینی لە شارەکانی سنە، پاوە و مەهاباد، بەشێک لەو بابەتانە بوون کە لەلایەن بەشداربوانەوە هاتە ئاراوە.