کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە/ دایكی شەهیدێكی كوردستان كۆچی دوایی كرد

15:30 - 12 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: رۆژی سێشەممە رێكەوتی ٨ ـ ١٠ ـ ١٣٩٤ی هەتاوی لە شاری سنە دایە كوبرا ئەعوانی دایكی شەهید سەید حەسەن حوسێنی لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

دایە كوبرا ساڵی ١٣٢٠ لە شاری سنە لەدایك بووە و وەك زۆربەی دایكانی كوردستان رۆڵەكانی بە هەستی نیشتمانپەروەری پەروەردە كردووە.
یەكێك لە كوڕەكانی دایە کوبرا بەناوی سەید حەسەن حوسێنی كوڕی سەید مەحیەدین بووەتە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆكرات و لەم رێبازەدا خەباتی كردووە و گیانی كردووەتەوە قوربانی ئامانجەكانی نەتەوەكەی.

13149.jpg
شەهید حەسەن ساڵی ١٣٣٩ لە شاری سنە لەدایك بووە و ساڵی ١٣٥٩ بووەتە پێشمەرگە و پلەكانی تەشكیلاتی بڕیوە و بووەتە كادری بەشی قەزایی حیزب و لە هێزی شەهید شەریفزادە كار و چالاكییە حیزبییەكانی راپەڕاندووە.

سەرەنجام پاش چوار ساڵ پێشمەرگایەتی رێكەوتی ١٢ ـ ٩ ـ ١٣٦٣ لە شەڕ و بەرەنگاری لەگەڵ هێزە داگیركەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوندی هەرمێ‌ دۆڵی ناوچەی سەقز شەهید و تێكەڵ بە كاروانی شەهیدانی كوردستان بووە.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە كەسوكاری دایە كوبرا و سەرجەم بنەماڵەی شەهید حەسەن حوسێنی دەكات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریك و هاوبەش دەزانێت.