کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ سێمینارێک بە بۆنەی ٦٩ـەمین ساڵڤگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو

15:32 - 14 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٦٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ئومیۆی وڵات سوید لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، سیمینارێک بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە، رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بۆ بەرز و پیرۆز راگرتن و رێزگرتن لە ٦٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، سێمینارێک بە هەر دوو زمانی کوردی و سویدی لەلایەن ئەندامان، دۆستانی حیزب و کوردانی دانیشتووی شاری ئومێۆی وڵاتی سوید، بەڕێوەچوو.
سەرەتا، سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بیده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌گیانی پاکی شه‌هیدانی ریگای رزگاری کورد و کوردستان ده‌ستی پێکرد.

پاشان، لەلایەن د. ئیبراهیم خۆرشید و گوڵستان مامۆستای زمانی کوردی سەبارەت بە چۆنیەتی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ژ ک پاشان گۆڕانی بۆ حیزبی دیموکرات و دواتر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و هەڵدانی ئاڵای ئەوکاتی کۆماری کوردستان و هەروەها هەڵبژاردنی نەمر پێشەوا قازی موحەممەد وەک سەرۆک کۆماری کوردستان و پێکهێنانی کابینەکانی کۆماری کوردستان کە یەکەمین دەوڵەتی کوردی بوو لە مێژووی دوور و درێژی گەلی کورد، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، باس لە سەر جوغرافیای کوردستان بەگشتی و بەتایبەت ئەو بەشەی کە کۆماری کوردستانی تێدا ڕاگەیەندرا، پێشکەش کرا و تیشک خرایە سەر ڕۆڵی کوردی بەشەکانی دیکە و بارزانییەکان، بەتایبەت مستەفا بارزانی لە کۆماری کوردستاندا.
پاشان، پەیامی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لەلایەن شەرمین باسامی خوێندرایەوە.
هەر لەو سیمینارەدا، باسێک لەسەر ژنان لە روانگەی کۆماری کوردستان و کەسایەتی نەمر پێشەوا قازی محەممەد کرا و هەروەها بەگرنگیدان بە ژنان و پاراستنی مافی ژنان، رێکخراوی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانیان دامەزران کە ئێستاش ئەو رێکخراوەیە هەر بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای ژنانی کورد لە ئێراندا.
لە بڕگەیەکی دیکەی سیمینارەکەدا ئاماژەیان بە نەبوونی پشت و پەنا و هیچ جۆرە یارمەتییەک بۆ کۆماری کوردستان و هەڵکردنی چرای سەوز لەلایەن روسیە و ئینگلیستان بە ئێران بۆ دووبارە داگیر کردن و رووخانی کۆماری کوردستان کرد.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا ئاماژە بە بەردەوام بوونی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە درێژە دەری ئەو ڕێبازەیە؛ کرا.

ژوان.ک