کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی کۆمیسۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە خەڵکی کوردستان بۆ بایکۆت‌کردنی هەڵبژاردنەکان

22:20 - 10 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەمەڕ بایکۆت‌ کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، سپاسنامەیەکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد.

دەقی سپاسنامەکە:

هاونیشتمانانی بەڕێز!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات!


کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا بە شێوەی فەرمی، بە ناو هەڵبژاردنەکانی دەوری دەیەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و خولی پێنجەمی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریی بایکۆت کرد. لەم بەیاننامەیەدا کومیتەی ناوەندیی حیزب داوای لە هاونیشتمانان کرد کە بەشداری لە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، بە مەبەستی ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی کاروبار و چالاکییەکانی تایبەت بە تەحریمی فەعالی بە ناو هەڵبژاردنەکان، لەسەر ڕاسپاردەی کومیتەی ناوەندیی حیزبەکەمان، ،کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، وەک ئەرکی تەشکیلاتی نێوخۆیی، سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی خۆی ڕاسپارد کە بەشێوەیەکی بەربڵاو و بەرنامەداڕێژراو هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ تا سیاسەتی تەحریمی فەعال ببەنە پێش.

کار و چالاکیی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدا بوو کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆی، بەپێی پلان و پیلانی پێشوەخت، دۆخێکی ئەوتۆی پێکهێنابوو کە لەلایەک، ئامادەکاریی تەواوی کردبوو بۆ هەڵبژاردنیهەڵبژێردراوەکان، لەلایەکی دیکەوە، هەر وەک لە ئەتڵەسی ئەمنیەتیی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٣٩٤دا هاتبوو، فەزایەکی ئەمنی و پۆلیسی سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیبووەوە. لەم ڕووەوە دەستوپێوەند و دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دەدا هەر جۆرە چالاکی و تێکۆشانێ بخەنە ژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵەوە.

لە وەها دۆخێکدا ئەندامان، تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات، بە بڵاو کردنەوەی تراکت، نووسینی دروشم، ڕۆشنگەری و لەقاودانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەرپەرچی پیلانەکانی ڕێژیمیان دایەوە. خاڵی جێی سەرنج، پێوەندی کردن بە ژمارەیەک لە بەربژێرەکانەوە بوو کە ئەنجامەکەی بوو بە کشانەوەیان لە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان.

لەو ماوەیەدا، بەتایبەتی لە سەروبەندی بانگەشە و کەمپەینی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان، ئەندام و لایەنگرانی حیزب زۆر چالاکانە ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانیان دەناردەوە بۆ کۆمیسیۆنی تەشکیلات. ئاکام و دەرەنجامی ئەم کاروتێکۆشانەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات، بووە هۆی ئەوەی کە سیاسەتیتەحریمی فەعال جێی خۆی بکاتەوە و ڕەنگدانەوەی باشی لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا هەبێ. تا ئەو جێگایە کە لە چەند گوند و ناوچەیەک ڕێگا بە بەربژێرەکان نەدرا ستادی تەبلیغاتی دابنێن و بانگەشە بۆ بەرنامەکانی خۆیان بکەن. ئەمەش هەڵوێستێکی شۆڕشگیڕانە و جێگای پێزانینە.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرت و زانیاریانەی کە بە کۆمیسیۆنی تەشکیلات گەیشتووە، لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژەی بەشداری‏کردن لەم بەناو هەڵبژاردنانە ئاستێکی نزمی هەبووە. ئەمەش بەرانبەر بە سیاسەت و پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سەرکەوتنێکی گەورە بوو.

بەرانبەر بە ڕێژەی خوارەوەی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە پێوەندیدارەکان، وەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆیان، وا دەنوێنن کە ڕێژەی بەشدارییەکان زۆر و دڵخوازی ڕێژیم بووە. لێرەوە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم چەواشەکاری و ئامارسازییانەی ڕێژیم، وەک هەمیشە دوورە لە ڕاستی. بەم هۆیەوە ڕایدەگەیێنین شانۆگەری بە ناو هەڵبژاردنەکان تەنانەت بەو شێوەی کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانییان دەکرد سەرکەوتوو نەبوو.

لێرەوە، سپاس و پێزانینمان هەیە بۆ سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کە زۆر بە بەرنامە و یەکگرتووانە، توانیان خەتی تەشکیلاتی و سیاسەتی بایکۆتی فەعال بەرانبەر بە شانۆگەرییەکانی ڕێژیمی تاران ڕەچاو بکەن و بەم شێوەیە بەرپەرچی سیاسەتەکانی ڕێژیم بدەنەوە. هاوکات سپاسی ئەو بەربژێرانە دەکەین کە لە سەر داوا و ڕێنوێنیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شانۆی بەناوهەڵبژاردن کشانەوە.

سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کوردستانی ئێران

سەرکەوتن بۆ ئیرادەی شۆڕشگیڕانە و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی
٢٩ی فێوریەی ٢٠١٦ی زایینی