کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیخوڕێكی سپای پاسدارن لە بەحرێن بە ١٠ ساڵ زیندان حوكم درا

02:37 - 13 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: دەزگای قەزایی وڵاتی بەحرێن كەسێكی بە تاوانی سیخوڕی بۆ سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دە ساڵ زیندان حوكم دا.

لێپرسراوانی بەحرێن بە بەردەوامی رێژیمی ئێرانیان بە دروست كردنی بشێویی و نائارامیی لەو وڵاتەدا تاوانبار كردووە.

هەواڵدەریی بەحرێن بڵاوی كردەوە، دادگای پێداچوونەوەی وڵاتی بەحرێن تاوانی ئەو هاووڵاتییەی ناردنی بەڵگە و وێنەی شوێنە نیزامییەكانی بەحرێن بۆ سپای پاسداران راگەیاندووە.

ماوەیەك لەمەوبەریش دەوڵەتی بەحرێن سپای پاسدارانی بە دروست كردنی تۆڕێكی تیرۆریستی تاوانبار كردبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی ناوخۆیی بەحرێن رایگەیاندبوو، ئەو تۆڕە لەگەڵ ئێران، عێراق و لوبنان لەپێوەندی دابووە و هەواڵی دەسبەسەركرانی ٨ هاووڵاتیی بەحرێنیشی بڵاو کردبۆوە.

بەوتەی وەزیری ناوخۆیی بەحرێن ئەو هەشت كەسە سەردانی ئێران، عێراق و حیزبوڵڵای لوبنانیان كردووە و لەبواری نیزامییەوە مەشقیان پێ‌ كراوە.