کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێکی هاوبەش لەلایەن یەکیەتیی خوێندکاران و ئەنجومەنی ئەدەبیی زێد بەبۆنەی زمانی زگماکی لە هەولێر بەڕێوەچوو

20:35 - 3 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستان و ئەنجومەنی ئەدەبیی زێد، سمینارێکی هاوبەشیان بە بۆنەی ٢١ی فێڤرییە رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی بەڕێوە برد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢ی رەشەمە ئەو سمینارە بە کۆڕگێڕیی دوکتور ئیبراهیم مەحموود، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین، فەرهاد ئەکبەری و مستەفا شێخە، رۆژنامەنووس و لێکۆڵەر لە بواری زمان، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
دوکتور ئیبراهیم مەحموود لەسەر زمانی زگماکی و رۆڵی راگەیاندن بۆ بەشدارن دوا و بە ئاوڕدانەوەیەک لە سەر زاراوەکانی زمانی کوردی، فرەبوونی زاراوەکانی زمانی کوردیی بە نیشانەی دەوڵەمەندیی ئەم زمانە لەقەڵەم دا و وتیشی: دەبێت بە تێڕوانینێکی ریالیستانەوە بڕوانینە مەسەلەی زمان و کێشەکانی بەردەم درووست بوونی زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی.
دواتر فەرهاد ئەکبەری باسەکەی خۆی لە ژێر ناوی زمانی زگماکی و ئاسیملاسیۆن پێشکەش کرد. فەرهاد ئەکبەری بە ئاماژە کردن بە سەرچاوەکانی زمانی کوردی و مێژووی ئەم زمانە، زمانی کوردیی خاوەن تایبەتمەندی‌گەلێک زانی کە تاکی کورد دەبێت شانازیی پێوە بکات.
هەر لەو پێوەندییەدا مستەفا شێخە باسێکی لەژێر ناوی دەسەڵاتی زمانی دووهەم و وەرگێڕانی زۆرەملێ پێشکەش کرد و ئەو رۆژنامەنووسە باسی لە بارەی کاریگەرییەکانی زمانی داسەپاو، یان ئەو زمانەی کە منداڵانی کورد بە ناچار لە قوتابخانەکان دەێخوێنن، لەسەر تاکی کورد کرد.