کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ بۆنەی کوردی لە سێ شاری کوردستانی خۆرهەڵات پیرۆز کرا

21:49 - 30 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە سێ شاری کوردستانی خۆرهەڵات یادی ڕۆژی پێشمەرگە، شەوی یەلدا و لەدایک بوونی دوکتور قاسملوویان بەرز و پیرۆز کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە پیرانشار و گوندی شیناوێ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پیرۆزباییان لە ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان کرد و بە پیر شەوی یەلداوە چوون.

ئەو کارەی لایەنگرانی حیزب، لە لایەن هاونیشتمانیانەوە پێشوازی لێ کرا.

هەروەها لە شاری جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشان، یادی شەوی یەلدا و ٨٥ەمین ساڵڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری بلیمەت دوکتور قاسملوویان کردەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دروست کردنی کەیک و شیرینی، ڕۆژی پێشمەرگە و لەدایک بوونی کاک دوکتوریان پیرۆز کرد.

لە درێژەی ئەو چالاکیانەدا، پێنج‏شەممەی ڕابردوو لە شاخى بەردەسووری شاری سەقز ئاڵای کوردستان هەڵکراوە.

ئەو کارەی ئەندامانی نهێنی حیزبی دێمۆکرات بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چووە.

شەوی یەلدا یان شەوی چلە، یەكێكە لە جەژن و بۆنە مێژووییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوبەشە لە نێوان نەتەوەكانی هیندی ــ ئورووپایی و یەک لەوان کورد.

ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە پلینۆمی دووهەمی كۆمیتەی ناوەندیی(ڕۆژانی ١٥تا٢٤ی گەلاوێژی١٣٦٣ی هەتاوی) هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەم، وەک ڕۆژی پێشمەرگەی كوردستان دیاری كرا.
شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شەوی یەلدای ساڵی ١٣٠٩ هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٣٠ زایینی، لەدایک بووە و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێبوارانی بەئەمەگی ئەو ڕێبەرە مەزنە، یادی ڕۆژی لەدایکبوونی دەکەنەوە.

13008.jpg

13007.jpg