کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە (HDP)

21:58 - 25 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: لە سەردانی هەیئەتی حیزبی دێموکرات‌ لە پارتی دێموکراتیکی گه‌ڵان (HDP)، هەیئەتی حیزبی دێموکرات، هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان پێ‌ ڕاگەیاندن و پاشان باسێکیان لەسەر ڕەوشی کورد بە گشتی و بارودۆخی کورد لە ئێران و هەر کام لە بەشەکانی کوردستان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی سدیق دەرویشی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی پارتی دێموکراتیکی گه‌ڵان (HDP) لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێکی پێوەندییەکانی ئەو پارتەوە، بە سەرپەرستی خاتوو شیلان بەرپرسی پێوەندییەکانی بەدەپە لە هەولێر، پێشوازییان لێکرا.

سەرەتا دەرویشی بە بۆنەی تەقینەوەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە ئانکارا، هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێ ڕاگەیاندن.

پاشان سدیق دەرویشی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی سیاسی لەسەر ڕەوشی کورد بە گشتی و بارودۆخی کورد لە ئێران و هەرکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و پێویستیی هەرچی زیاتری برەودان بە خەباتی نەتەوەیی کورد و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد لە هەر بەشێكی دیکەی کوردستان پێشکەش کرد و ڕوانگە و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی لەسەر پرسە نەتەوەییەکان هێنایە بەرباس.

لە درێژەی ئەو سەردانەدا، هەیئەتی پێوەندییەکانی هەدەپە بۆچوون و تێڕوانینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە سەر پرسە نەتەوەییەکان بەنرخ هەڵسەنگاند و لەو پێوەندییەدا چەندین مەسەلەی پێوەندیدار بە پرسی کوردیان هێنایە بەر باس.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا هەر دوو لایەن لە سەر پتەوترکردنی پێوەندییەکانیان جەختیان کردەوە.