کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری سنە و مەریوان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە میلیتاریزە کراون

21:33 - 15 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: هێزەکانی رێژیم بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی شارەکانی سنە و مەریوان، لە نێو شەقام و کۆڵان و بازارەکاندا ئازار و ئەزیەتی خەڵک دەکەن و خاڵی پشکنینیان داناوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە رۆژی رابردووەوە رێکەوتی ١٤ی رەشەمە بارودۆخی ئەمنیەتیی شاری مەریوان بە تەواوەتی ئاڵۆز بووە و هێزە ئینتزامییەکان بە شێوەیەکی تەواو چەکدارانە، لە نێو کۆڵان و شەقامەکانی شاردا دەگەڕێن.
هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە شاری مەریوان هاتووچۆی هاووڵاتییانیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە بە دانانی خاڵی پشکنین لە تێکڕای دەروازەکانی شاردا، ماشینی هاووڵاتییان دەپشکنن.
هاووڵاتییەکی مەریوانی لەم پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، هەموو ساڵیک بە نزیک بوونەوەی رۆژانی جێژنی چوارشەممە سووری و نەورۆز ئەم جۆرە حاڵەتانە دێتە ئاوارە، کە ئەمەش زیان بە پێگەی گەشتیاریی شاری مەریوان کە پڕ بووە لە میوانی نەورۆزی، دەگەیەنێت.
لەلایەکی دیکەوە و لە شاری سنە پاش کوژرانی کۆنە ئەندامێکی سپای پاسداران، هێزەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک و لەژێر ناوی دابین کردنی ئاسایش، رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنیەتی لەو شارەدا گرتۆتە بەر.
هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکری بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، هێزەکانی رێژیم شەو و رۆژ سەرقاڵی گەشت لێ دانن و چەندین جار بینیومە ئازار و ئەزیەتی کاسبکاران و دووکاندارانی شوێنە گشتییەکانی ناو شاری سنەیان داوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا کەلوپەلەکانیان لێ زەوت کردوون و لە زۆربەی شوێنەکانیش خاڵی پشکنینیان داناوە.
لە شاری قوروەش لە پارێزگای کوردستان، رێژیم بە شێوەیەکی بەربڵاو شەپۆلی پارازیتی خستووەتە سەر تەلەفزیۆنە کوردییەکان. ناردنی شەپۆلی پارازیت لە شاری قوروە لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەوە دەست پێ دەکات و هەتا ١٢ی شەو بەردەوام دەبێت.