کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری مەریوان له بارودۆخێکی ئەمنیەتی دایه

14:56 - 1 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: پچڕانی هێڵی تەلەفوون، موبایل و هێڵی ئینترنێت و گەشتی توندوتۆڵی شەوانەی هێزە نیزامییەکان لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری مەریوان، بارودۆخی ئەو شارەیان نائاسایی و ئەمنیەتی کردووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی چەند رۆژە بارودۆخی ئەمنیەتیی شاری مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری، بەهۆی گەشتی ماشین و ماتۆڕسوارانی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتوندی ئەمنیەتی کراوە.


هاووڵاتییەکی شاری مەریوان بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: رێکەوتی ٢٩ رێبەندان تەلەفوونی تێکڕای گوندەکانی دەوروبەری مەریوان پچڕاوە و بە درێژایی ئەو رۆژە پێوەندی لەگەڵ ئەو گوندە لە رێگەی تەلەفوونەوە نەگیراوە و هاوکاتیش هێڵی تەلەفوونی موبایل زوو زوو پچڕاوە و ناردنی کورتەنامە نامومکین بوو.

ئەم هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، لە درێژەدا وتیشی: رۆژێک دواتر واتە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندان، بە شێوەیەکی توندوتۆڵ هێزە ئینتزامییەکان و هەروەها پۆلیسی هاتوچۆ بە تەواوی تێکڕای شەقامە سەرەکییەکانی شاریان تەنیبوو و لە هەمان کاتیشدا ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لە هێڵی ئینتێرنێت نەبوو.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی شاری مەریوان لەم پێوەندییەدا وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، وتی: تێکڕای کۆڵانەکانی مەریوان بە هێزی ماتۆڕسواری تەیار بە چەکی کەڵاشنیکۆف و باتۆم تەنرابوو، کە من بۆ خۆم ماوەی نیو کاتژمێر لەلایەن ئەو هێزانەوە راگیرام و لێپرسیەنەوەم لێ کرا.

ئەم هاووڵاتییە لەو بڕوایە دایە کە هێزەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک ئەو مانۆڕانە ئەنجام دەدەن.

شایەتحاڵانی ئەو رووداوانە هۆکاری ئەو بە ئەمنیەتی کردنە دەگەڕێنەوە بۆ نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەو بڕوایەدان ئەگەری ئەوم هەیە ئەو دۆخە توندوتۆڵ‌تر لە جاران بەڕێوە بچێت.