کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شورای هاوکاریی کەنداو دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی بە مەترسییەکی گەورە لەناوچەکەدا وەسف کرد.

16:18 - 26 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی شورای هاوکاریی کەنداو دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانیان محکووم و سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لەکاروباری وڵاتانی دراوسێ هۆشداریان دا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شورای هاوکاریی کەنداو لەکۆتایی ١٣٦ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداو کە لەوڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە هەوڵەکانی رێژیمی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەناوچەکەدا، هۆشداریی جیدیان بەو رێژیمە دا.

لەو بەیانییەدا هاتووە، رێژیمی ئێران لەرێگای داڵدەدانی کەسانی تیرۆریست، کردنەوەی شوێنی مەشق و راهێنانی تیرۆریستان، قاچاغی چەک‌وچۆڵ، ئەنجام‌دانی کردەوەی تیرۆریستی لەوڵاتانی عەرەبی و دەستێوەردانی جۆراوجۆر، ئەمنیەتی ئەو وڵاتانەی خستووەتە مەترسییەوە.

لەو بەیانییەدا جەخت کراوەتەوە کە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران مەترسییەکی جیددیە بۆ سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.

لەماوەی رابردوودا رێژیمی ئێران چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبییەوە بە تاوانی کردەوەی تیرۆریستی لەو وڵاتانە تاونبار کرا.

پشتیوانییەکانی رێژیمی ئیران لەوڵاتانی یەمەن، سووریە و چەندین وڵاتی دیکە بەردەوام ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئەمنیەتی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتووەتەوە ئەوەش لەحاڵێک دایە کە رێژیم درێژە بە دەستێوەردانەکان لەو وڵاتانەدا دەکات.
هەر لەماوەی رابردوودا رێبەری رێژیمی ئێران عەلی خامنەیی و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای رێژیم، پشتیوانی خۆیان لە سووریە دەربڕیوە.

رۆژی رابردووش عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی رێژیم لەدیدارێکدا لەگەڵ عەدنان مەحموود باڵوێزی سووریە لەتاران پشتیوانیی وڵاتەکەی لەسووریە دووپات کردەوە.