کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دەسبەسەر کردنی چالاکانی فەرهەنگیی شاری پاوە بەردەوامە/ دەسبەسەرکرانی ٥ چالاکی فەرهەنگیی‌تر

13:49 - 20 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ٥ چالاکی فەرهەنگیی کورد لە درێژەی زەخت و گوشارەکاندا، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە شاری پاوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٩‌ی رەشەمە ٥ چالاکی فەرهەنگی بە ناوەکانی قانیع حاتەمی، محەممەد نیگاری، بابەک عەبباسی، موعتەسەم شافیعی و جەهانبەخش ئەحمەدی لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە دەسبەسەر کران.
هێزە ئەمنیەتییەکان سەرجەم کەلوپەلی شەخسی و کامپیوتێری ئەو ٥ چالاکە فەرهەنگییەیان بردووە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆکاری گیرانی ئەو هاووڵاتییانە نەزانراوە.
لە ماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژدا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوە دەسبەسەر کراون. ئەمانە لە حاڵێک دایە هۆکاری گیرانیان بێ‌هۆیە و زۆر جاریش شوێنی راگیرانیشیان بە بنەماڵەکانیان ناڵێن.
چەند رۆژ لەمەوبەریش چەند چالاکی فەرهەنگی دیکە بە ناوەکانی فەردین رەسووڵی، بەختیار رەسووڵی، سەتار ئەحمەدی، موختار ئەحمەدی و یاسر کاکایی بە هۆیەکی نادیارەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری پاوەوە دەسبەسەر کرابوون.
هەر لەو پێوەندییەدا لە ئەنجامی سکاڵای ئیمام جومعەی شاری پاوە دوو چالاکی فەرهەنگی ــ ئەدەبی بە ناوەکانی داوود غەفاری و کەیهان عەزیزیش دەسبەسەر کراون.
ئەو دوو هاووڵاتییە لە ئەنجامی پەرچەکردار بە بێ‌حورمەتییەکانی مەلاقادر قادری ئیمام جومعەی شاری پاوە بە چالاکانی فەرهەنگی و ناوەندە ئەدەبییەکانی شاری پاوە، دەسبەسەر کراون.

3983.jpg


مەلاقادر لە قسەکانی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨‌ی رەشەمەدا وتوویەتی: من لە دەسبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییانەدا تاونم نییە و هاوکات راشیگەیاندووە، هەر کەسێک کە بیهەوێ‌بێ‌حورمەتیی پێ‌بکات چارەنووسی وەکوو ئەو دەسبەسەرکراوانەی لێ دەێت.
لەلایەکی دیکەوە شەپۆلی دەسبەسەرکرانی رۆژنامەنووسان و چالاکانی فەرهەنگیی شارەکانی دیکەی کوردستانیشی گرتۆتەوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر خوسرەو کوردپوور بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی موکریان نیووز و چالاکی فەرهەنگی لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا و دوابەدوای ئەو براکەشی بە ناوی مەسعوود کورد پوور چالاکی مافی مرۆڤیش دەسبەسەر کراوە.