کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی لاریجانی: توانای ئیدارەکردنی وڵاتمان نییە

14:16 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم باسی لە دۆشداماوای ڕێژیمەکەی لە بەڕێوەبردنی وڵات کرد و وتی: لەخۆڕا خەڵک دڵخۆش مەکەن.

عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم لە دوایین دانیشتنی مەجلیسدا ڕایگەیاندووە: هیچ گەشەیەک لە بیاڤی ئابووریی ئێراندا نایەتە ئاراوە و نەتەنیا بودجەی دەوڵەت بەشی بەڕێوەبردنی وڵات ناکات، بەڵکوو ناتوانێ هیچ جووڵەیەکیش بخاتە ئابووریی بێ‌گیانی ئێرانەوە.

ناوبراو وتوویەتی: هەموو سەرچاوە و داهاتەکانی وڵات، چ لە ڕێگەی نەوت و باج و چ لە ڕێگەکانی دیکەوە بە نقەنق دەگاتە ٧٠ میلیارد دۆلار، کە ئەمە تەنیا بودجەی ڕۆژانەی وڵاتی پێ دابین دەکرێت.

بە وتەی لاریجانی، ئەم ڕێژە داهاتە ناتوانێ بودجەی ئاوەدانی دابین بکات و لەڕاستیدا هیچ پارەیەکیش لە سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی بوونی نەماوە تاکوو بتوانین پێداویستییەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی پێ دابین بکەین.

لە درێژەی ئەم دانپێدانانەی لاریجانیدا ناوبراو باسی لەوە کردووە کە دەوڵەت لە ڕێگەی فرۆشی کۆمپانیا دەوڵەتییەکانەوە ویستوویەتی کەمی بودجەکەی قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ کۆمپانیایەکی ئەوتۆش نەماوە تاکوو بیانفرۆشین؛ بۆیە ڕوومان کردووە لە قەرزکردن کە ئەمەش دەوڵەتی هێندەی دیکە قەرزدار کردووە؛ وتوویشیەتی: بەو بڕە بودجە کەمەوە تەنانەت ناتوانین تێچووەکانی وەزارەتی بارهێنان و فێرکاری باڵا و هێزە چەکدارەکان دابین بکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاریجانی ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم وتوویەتی: پێویستە ڕاستییەکان لە خەڵک نەشارینەوە، چوونکە بەردەوامی درۆ و دەلەسەکانمان نەتەنیا دۆخەکە ئارام ناکاتەوە، بەڵکوو دۆخی دەروونی و ئابووریی کۆمەڵگەش زیاتر دەشەوێنی.

هەر لەمبارەوە هەواڵدەریی ئیلنا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بانکیی ناوەندیی لە باشترین حاڵەتدا بودجەی ئاوەدانی دەوڵەت لە ساڵی داهاتوو، کەمتر لە ٢ میلیارد دۆلار دەبێت کە ئەمە بەمانای مایەپووچ بوونی بەڵێندەران و نەدانی مووچەی کرێکاران و زۆر بوونی ڕێژەی بێکارانی وڵاتە.