کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی مەجلیسی رێژیمی ئێران هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین كرد

13:44 - 15 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: عەلی لاریجانی وێڕای هوشداری دان بە وڵاتانی ناوچە وتی: پێویستە ئەو وڵاتانە هێڵی سیاسیی خۆیان لە ئیسراییل جیا بكەنەوە.
ماڵپەڕی خەبەر ئانلاین بڵاوی كردەوە، ئەو لێپرسراوە هاوكات لەگەڵ مەحكووم كردنی ئیسراییل وتیشی: وڵاتانی ئەمریكا و روژئاوا دژایەتیان لەگەڵ سووریە دروست كردووە.
لاریجانی ئاشكراشی كرد، ئەمریكا و وڵاتانی ئورووپایی بەمەبەستی پشتیوانی لە ئیسراییل دژایەتی بەشار ئەسەد دەكەن.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، رێژیمی ئێران چالاكییەكانی بۆ نانەوەی كێشە و ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا پەرە پێداوە.
لئون پانێتا وتیشی: حكوومەتی ئەمریكا لەهەمبەر ئەو هەوڵەی رێژیمی ئێران ناچارە چالاكییەكانی بۆ پێشگری لە دەستێوەردانەكانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین چڕتر بكاتەوە.
رۆژنامەی وال سترێت ژۆرناڵ لە زاری وەزیری بەرگریی ئەمریكاوە بڵاوی كردبووە، رێژیمی ئێران ئاستی دانی مووشەكی بە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەدا زیاد كردووە.
ئەو لێپرسراوە ئاشكراشی كرد، ناردنی مووشەك بۆ گرووپە توندرەوەكانی ناوچە نیشانەی هەڕەشە و مەترسیی بۆ سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤینە.