کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوایین هەینیی ساڵدا، خەڵکی بۆکان لە رێوڕەسمێکدا پێشوازییان لە نەورۆز کرد

21:54 - 27 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: خەڵکی بۆکان بەرەو پیری ساڵی نوێی کوردی چوون و لە چیای تەرەغەی ئەو شارە، رێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٥ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەر، بە کۆبوونەوە لە چیای تەرەغە و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی تایبەت، بەرەو پیری ساڵی نوێ کوردییەوە چوون.
بە وتەی شایەتحاڵێک، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ پێشگیری لە بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە خستبووە گەڕ، بەڵام نەیانتوانی بەسەر ئیرادەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا زاڵ بن.
پێشتریش رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بانگهێشت کردن و هەڕەشە کردن لە گرووپەکانی مۆسیقا و چالاکانی ئەو بوارە، دەیهەویست پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمانە بگرێت.
ئەو رێوڕەسمە کاتژمێر ١٠ی سەرلە بەیانی رێکەوتی ٢٥‌ی رەشەمە بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد و هەتا ١٢ی نیوەڕۆ درێژەی کێشا.
لە رەوتی ئەو رێوڕەسمەدا هێزەکانی رێژیم لە هەوڵی بڵاوە پێکردن و شێواندنی رێوڕەسمەکە بوون، بەڵام لەگەڵ هوورا و پەرچەکرداری خەڵک بەرەوڕوو بوونەوە و بە ناچار شوێنەکەیان بەجێ هێشت.
لەم رێوڕەسمەدا پووستێری تایبەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی جێژنی نەورۆز بڵاو کرانەوە.