کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە رووداوەکانی دوێنێی سەقز شەڕ و پێکدادان هاتووەتە ئاراوە

15:32 - 16 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی سەقز لەدژی لە سێدارەدان، شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی رێژیمدا هاتە ئاراوە و ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو شەڕ و پێکدادانەی نێوان خەڵک و هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، برینداربوونی چەندین کەسی لێکەوتووەتەوە و چەند هاووڵاتیش دەسبەسەر کراون کە هەتا ئێستا لە ژمارە و ناسنامەی دەسبەسەر کراوان هیچ زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە.
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی شاری سەقز بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی رایگەیاند: \'\'کۆبووەنەوەی ناڕەزایەتی لە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز سەبارەت بە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە ئیعدامی زیندانییانی کورد و بەتایبەت شێرکۆ موعارفی و هەروەها ٤ زیندانیی دیکە کە بڕیار بووە ئەو ئێوارەیە لەبەر چاوی گشتیی خەڵکەوە بەڕێوەبچێت، لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزەکانی دژەشۆڕشی شاری سەقز بەرەوڕوو بووەتەوە\'\'.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەزەڵوەر بڕیاربوو چوار زیندانی بە تۆمەتی دەستدرێژیی جینسی لە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز لە سێدارە بدرێن، بەڵام پاش کۆبوونەوەی خەڵک لە شوێنەکە و هاوکات ناڕەزایەتی دەربڕینی لەهەمبەر لە سێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، ئیعدامی ئەو چوار زیندانییە بەڕێوەنەچوو.
هەنووکە بارودۆخی شاری سەقز نائاسایی‌یە و هێزێکی زۆری نیزامی و ئینتزامی لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاردا بڵاوەیان پێ کراوە.