کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە رۆژێکدا نزیک بە ٦ کرێکار بەهۆی رووداوی کارەوە لە ئێران دەمرن

19:55 - 5 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: بەهۆی رووداوی کارەوە لە ئێران نزیک بە ٦ کرێکار گیانیان لە دەست داوە و مردن بەهۆی رووداوی کار لەسەدا ١٤ زیادی کردووە.


رێکخراوی پزیشکی یاسایی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندان، راپۆرتێکی لەسەر مردنی کرێکاران بەهۆی رووداوی کارەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، کەمتەرخەمیی لێپرسراوان هۆکاری زیاد کردنی لەسەدا ١٤ی مەرگی کرێکاران بەهۆی رووداوی کارەوەیە کەلە رۆژێکدا نزیک بە ٦ کرێکار بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
پزیشکی یاسایی ئەوەشی خستووەتە روو کەلە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ـەوە هەتا کۆتایی مانگی بەفرانبار، یەک هەزار و ٥١٧ کرێکار لە ئێراندا بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە کەلە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو کە ژمارەی کوژراوانی رووداوی کار یەک هەزار و ٣٣١ کەس بووە، لەسەدا ١٤ زیادی کردووە.
لە نێو رووداوەکانی کاردا بە ریز بەربوونەوە لە بەرزایی، بەرکەوتنی شتی سەخت، بەرق گرتوویی، سووتان و کەمیی ئۆکسیژن، زیاترین رێژەی هۆکاری مەرگی کرێکاران لە ئێران بووە.
زیاد بوونی رێژەی ١٤%ی مەرگی کرێکاران بەهۆی رووداوی کارەوە دەرخەری کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران بەم توێژە کارایەی کۆمەڵگایە.
کێشە و گرفتی کرێکاران و نەبوونی ئیمەنیی کار لەلایەن لێپرسراوانی پێوەندیداری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە وەزارەتی کاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆی دەرگیری تەنگەژە سیاسییەکان کردووە کە بەپێی یاسا لێپرسینەوە و چاودێریی رێکوپێک و بەردەوام لەمەڕ پێشگیری رووداوی کار، لە ئەستۆی ئەم وەزارەتخانەیە دایە.
پێشتریش رێکخراوی تەئمین ئیجتماعی لە راپۆرتێکدا بێ‌احتیاتیی بە گرینگترین هۆکاری رووداوی کار لەقەڵەم دابوو.