کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە عێراق لە ماوەی یەك مانگدا زیاتر لە هەزار و ٦٠٠هاووڵاتیی كوژراو و بریندار بوون

16:57 - 20 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، بەهۆی‌توندوتیژی و كردەوە تیرۆریستییەكان، لە ماوەی سی رۆژدا ٤٥٦هاووڵاتیی لە عێراقدا گیانیان لەدەست داوە و هەزار و ١٥٣كەسیش بریندار بوون.


لەو راپۆرتەدا هاتووە، لەكۆی گشتیی كوژراوەكانی یەك مانگی عێراق، ٢٢٩‌یان هاووڵاتیی مەدەنی و ٢٢٧ی دیكەیان كارمەندی هێزە ئەمنییەكانن.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەروو، بەهۆی‌توندوتیژییەكانەوە، هەزار و ١٥٣ كەسیش بریندار بوون.

لەكۆی گشتیی رێژەی بریندارەكان، ٨٥٣ كەسیان مەدەنی و ٣٠٠ی دیكەشیان كارمەندی‌هێزە ئەمنییەكان بوون.

لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە توندوتیژی و تەقینەوەكان لە عێراقدا كارێگەرییان كردۆتە سەر هەڵبژاردن و پاڵێوراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و لەو پێوەندییەدا لە ماوەی ١١ی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوی هەتا ١١ی مانگی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٩٢‌ی هەتاوی ( یەك مانگ) ١٠پاڵێوراوی ئەو پۆستە، كوژراون.

شارەكانی‌بەغدا، سەلاحەدین، نەینەوا و كەركووك بە ریز لە ماوەی ئەو یەك مانگەدا زۆرترین حاڵەتی توندوتیژی تێیاندا رووی‌داوە.