کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی رێبەندان نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا ٢٩.٨% بووە

13:43 - 13 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لە مانگی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاویدا نرخی هەڵاوسان نزیک بە ٢٩.٨% بووە و پێشتریش بانکی ناوەندی پێش‌بینیی ئەم نرخەی کردبوو.
نرخی هەڵاوسان لە مانگی رێبەنداندا لە بەراورد لەگەڵ مانگی بەفرانبار لەسەدا یەک زیادی کردووە.
هەواڵدەریی فارس بڵاوی کردەوە، نرخی هەڵاوسان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ٢١.٨%، بانەمەڕ ٢٢.٢% مانگی جۆزەردان ٢٢.٤%، پووشپەڕ ٢٢.٩%، گەلاوێژ ٢٣.٥%، خەرمانان ٢٤%، رەزبەر ٢٤.٩%، خەزەڵوەر ٢٦.١%، سەرماوەز ٢٧،٤% و لە مانگی بەفرانباریشدا ٢٧.٤% بووە.
نرخی هەڵاوسان لە مانگی رێبەنداندا لە بەراورد لەگەڵ مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەسەدا ٨ هەڵکشانی بۆ خۆوە بینیوە.
بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئێران وتوویەتی: نرخی هەڵاوسان هەتا کۆتایی ساڵی هەتاویدا لەسەدا ٣١ هەڵکشان بەخۆوە دەبینێت.
لەم چەند ساڵی دواییدا بانکی ناوەندی، ناوەندی ئاماری ئێران، وەزارتی ئابووری، دەوڵەت، نوێنەرانی کومیسیۆنە ئابوورییەکانی مەجلیس، هەرکام بە جیا نرخی هەڵاوسانیان بڵاو کردووەتەوە کە پێکدژی و ناتەبایی لە نێو ئەم ئامارانەدا بە روونی بەرچاو دەکەوێت.