کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەفتەیەکدا ٨٦٦ کەس لە سووریە کوژراون

13:32 - 28 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە ٨٦٦ کەس، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، کوژراون.


لە کاتێکدا کەلە مانگی مارسی ٢٠١١ـەوە هەتا ئێستا شەڕ لەدژی رێژیمی سووریە بەردەوامە، لە ماوەی یەک هەفتەدا لە ناوچە جیاجیاکانی سووریە ٨٦٦ کەس کوژراون.
چالاکڤاوانان لە راپۆرتێکدا ئاشکرایان کردووە، لە حەوتووی رابردوودا ١٠٢ منداڵ، ٤٤ ژن، ١١ هەواڵنێر و ٤ پزیشک کوژراون.
لەم راپۆرتەدا هاتووە، زۆرترین رێژەی کوژراوان لە پارێزگاکانی حەلەب ٢٣٩ کەس، دیمەشق ٢٢٩ کەس و حومس ٩٣ کەس دان و لە باقی پارێزگاکانی سووریەشدا ٩٢ کەس کوژراون.
لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لە ناوچەی شەداد کەلە رۆژهەڵاتی حەسەکە هەڵکەوتووە، لە ماوەی سێ رۆژدا نزیک بە ٤٠ هەزار کەس لە ژیان و ماڵی خۆیان دابڕاون و روویان لە شاری حەسەکە کردووە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریە لەبارەی پێشنیاری ئاشتیدا ئەوەیان خستووەتە روو، ئەو رێگاچارانەی کە بەشار ئەسەد و بەرپرسە ئەمنیەتی و لەشکرییەکانی رێژیم، باسی لێ دەکەن، قەبووڵ ناکرێن و لەبەرژەوەندی خەڵکی سووریەدا نین.