کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئورمیە هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزەکانی رێژیم گیانی لە دەست دا

20:31 - 9 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی ئورمیە، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.


ناوەندی مافی مرۆڤی سەڵماس بڵاوی کردەوە، شەوی دووشەممە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'فەرزیان\'\'ی ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە، بەناوی \'\'ساجی تەمرزادە\'\' تەمەن ١٨ ساڵ و کوڕی \'\'حەیدەر\'\'، کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران و لە گیانی لە دەست دا.
ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئینتزامییەکانی جێگیر لە گومرکی سەروو، هەڵکەوتوو لە ٤٠ کیلۆمیتریی شاری ئورمیە تەقەی لێکراوە.
هۆکاری تەقەی هێزەکانی رێژیم لەو هاووڵاتییە ناڕوونە، بەڵام دەوترێ بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی خاچاخ کرابێتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران.
هەروەها لە رێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی کورد لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری شیراز کرانە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بەناوی \'\'نوورەدین دەروێشی\'\' کوژرا و هاووڵاتییەکی دیکەش بەناوی \'\'نایب خەلیفە زادە\'\' بە توندی بریندار بوو.
\'\'نوورەدین دەروێشی\'\' کوڕی \'\'قادر\'\' خێزاندار و خەڵکی گوندی \'\'دێلەوەر\'\' و \'\'نایب خەلیفەزادە\'\' کوڕی \'\'مستەفا\'\' خەڵکی گوندی \'\'سنجی\'\'ی سەربە ناوچەی ئەنزەلی شاری ئورمیە بوون کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە لە شاری شیراز لە باشووری ئێران تەقەیان لێ کراوە.
هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لەو هاووڵاتییە کوردانە کردووە، بەڵام دواتر درەکەوتووە کە هیچ چەشنە کەلوپەلێکی قاچاخیان پێ نەبووە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە یەک مانگی رابردوودا بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٦ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کوژراون و ٨ی دیکەش بریندار بوون.