کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەی یەك ساڵدا چوار هەزار موعتاد لەئێران گیانیان لەدەست داوە

15:13 - 15 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: بەپێی دوایین ئامارەكان لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییدا نزیك بە چوار هەزار تووشبوو بە مادەسڕكەرەكان لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئاماری ناوەندی پزشك قانوونی ئێران، بە شێوەی نێونجی لە ساڵی رابردوودا لەهەر رۆژدا ١١موعتاد گیانیان لەدەست داوە.
هەرلەو پێوەندییەدا پزشك قانوونی بڵاوی كردۆتەوە، زیاتر لە دوو میلیۆن موعتاد لە ئێران بوونی هەیە و رۆژلەگەڵ رۆژیش بەو رێژەییەوە زیاد دەبێت.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە دوكتور مەحموود خودا دووست بەرپرسی ناوەندی لێكۆلینەوەی پزشك قانوونی حكوومەتی ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە پێوەندیی چوونە سەری ئاماری گیان لەدەست دانی بەكار هێنەرانی مادە سڕكەرەكان وتبووی: لەحاڵی حازردا ١٠ میلیۆن موعتاد لە ئێران بوونی هەیە.
ئێران لە دونیادا پلەی یەكەمی لەبواری بەكارهێنانی تریاكدا هەیە
لیپرسراوی گشتیی پزشك قانوونی حكوومەتی ئێران رایگەیاندبوو، بەكارهێنانی تریاك لەنێو وڵاتی ئێراندا بۆتە قەیرانێكی چارەسەر نەكراو بە چەشنێك كەلە بەكارهێنانی ئەو مادەیەدا لە ئاستی دونیادا یەكەمە.
هەنووكە لە ئێراندا بە ریز جۆرەكانی مادەی هۆشبەری وەك: تریاك، هێروئین و شیشە زۆرترین بەكارهێنەریان هەیە.
محەممەد سادق فەتحوڵڵاهی لێپرسراو لە ناوەندی ستادی خەبات بەدژی مادەسڕكەرەكان وتبووی : بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە كراون لە سەدا ٩٩ی ئەو كەسانەی كە موعتادن، پێشتر سیگاری بوون و نێونجی تەمەنی بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان ٢٥هەتا ٢٩ساڵە.
پپێشتریش ئامارێك دەربڕی ئەوە بوو كە تەمەنی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان لە ئێران ٢٩ساڵە و بەپێی ئامارەكان ٩٣%ی موعتادان پیاو و ٧%ی دیكەیان لە ژنان پێكهاتوون.
بەپێی دوایین ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمەڕ رەوشی مادە هۆشبەرەكان لە ئێران، زیاتر لە ٧٠لەسەدی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز لە ئێران پێشتر تووشی مادە هۆشبەرەكان بوون.