کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی ئێران لە تەنگەژەی ماڵی دان/ دابین نەکردنی بوودجەی قوتابخانەکان هۆکاری وەرگرتنی پارە لە قوتابییان

14:10 - 8 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: پارەی حەقدەستی زیادەکاریی مامۆستایان و قوتابخانەکان لە ئێراندا بەهۆی نەدانی بوودجە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی رێژیمەوە، دوا کەوتووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە لە قوتابییان پارە وەربگیردرێت.

بە وتەی چالاکانی سینفی، مامۆستایانی ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک تووشی تەنگەژەی ئابووری و ماڵی بوون و راپۆرتەکان باس لە نەدانی حەقدەستی زیادە کاریی مامۆستایان لە ماوەی یەک ساڵدا دەکەن.

هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری ئەندامێکی کانوونی پیشەی مامۆستایانی ئێران بڵاوی کردەوە، مامۆستایانی سەرانسەری ئێران لە چوار مانگی رابردوودا حەقدەستی زیادەکاریی خۆیانیان وەرنەگرتووە.

مێهدی بێهلوولی، وتوویەتی: مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان سەرەڕای ئەوەی کە بڕی ٨٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەنیان هەیە، بەڵام ئەو حەقدەستەیان لەباتی مافی بەڕێوەبەری وەرنەگرتووە.

ئەم چالاکە وتیشی: کێشە و ئاریشەکانی بەردەم مامۆستایان بەمەش کۆتایی پێ نایەت و لە دوو ساڵی رابردوودا وەزارەتی پەروەردەی رێژیمی ئێران، مووچەی ئامووزشیی قوتابخانەکانی نەداوە.
ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە قوتابخانەکان ئەو بڕە پارەیە لە قوتابییان وەربگرن.

قوتابخانەکانی کوردستانی ئێرانیش پارە لە قوتابییانی کورد لەمەڕ دابین کردنی پێداویستیی خوێندنگەکەکان وەردەگرن کەلە هەندێ حاڵەتدا بەهۆی دەستکورتی و کەم داهاتی، زۆربەی قوتابییان بە ناچاری واز لە خوێندن دەهێنن.
لەو پێوەندییەدا پێشتریش بەرپرسانی پەروەردە لە قوتابخانەی گوندەکانی نگڵ لە سنە، دەرەکێ لە هەورامان،سەرشیوی مەریوان، قشلاخی پرد لە سەقز، کانی سوورکی لە شنۆ، دزەی مەرگەوەڕ لە ورمێ، شارەدێی هەورامانی تەخت و شاری بۆکان پارەیان لە قوتابییان لەمەڕ دابین کردنی سووتەمەنی و پێداویستییەکانی قوتابخانەکان وەرگرتووە.