کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگی رابردوو خوێناویترین مانگ بۆ هاووڵاتیانی سووریە بووە

02:23 - 14 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: چاوەدێرانی مافی مرۆڤ لەسووریە مانگی مارسی میلادییان بە خوێناویترین رۆژەكان بۆ هاووڵاتیانی سووریە لەقەڵەم داوە.


چاوەدێرانی مافی مرۆڤ لەسووریە بڵاویان كردەوە، لە ماوەی مانگی رابردووی میلادیدا زیاتر لە شەش هەزار كەس لەئەنجامی تێك هەڵچوونەكانی رێژیمی سووریە و ئەرتشی ئازاد گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢٩٨ یان منداڵ، ٢٩١ كەسیان ژن و هەزار و ٤٨٦ كەسیشیان لەوانە بوون كە لە رێژیمی سووریە جیا ببوونەوە و پەیوەست بە ئەرتشی ئازاد ببوون.
ئەو ناوەندە مافی مرۆڤە كە لە گرووپە چالاكەكانی دژبەری رێژیمی سووریەیە راشیگەیاندووە، هەر لە مانگی مارسدا هەزار و ٤٦٤ چەكداری سەر بە رێژیمی بەشار ئەسەدیش كوژراون.

رامی عەبدولڕەحمان بەرپرسی گرووپی چاوەدێری مافی مرۆڤ وتوویەتی، ئەگەری ئەوە هەیە ئاماری كوژرانی چەكدارەكانی بەشار ئەسەد لەو رێژەیەش زیاتر بێت، چونكە رێژیمی سووریە لەدانی ئاماری راست خۆی دەبوێرێ‌.
چەند رۆژ لەمەوبەریش رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو، لە سەرەتای دەسپێكی تێك هەڵچوونەكان لە سووریە زیاتر لە هەفتا هەزار هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ١٢ی خاکەلێوە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بڵاوی كردبووە، هێزە چەكدراەكانی سەر بە حكوومەتی سووریە لە ماوەی ١٢ كاتژمێردا زیاتر لە ٥٠ كەسیان لە هەشت شوێنی جیاجیای سووریە كوشتووە.
ئوردووگای یەرمووك و بابا عەمروو، دیمەشق، حمووریە، حومس، دمر، ئەو شوێنانە بوون كە كوشتاری بە كۆمەڵی تێدا ئەنجام دراوە.