کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد

21:23 - 3 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لە دیداری نێوان مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا، باسی دۆخی سیاسی و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و هەروەها کوردستانی خۆرهەڵات کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتیكی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی مستەفا هیجریسكرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی كۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئیرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتیكی ڕێبەریی كۆمەڵەوە بە سەرپەرستی عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی، بەگەرمی پێشوازییان لێ كرا.

لەو دیدارەدا سەرەتا باسێكی سیاسی لەسەر دۆخی سیاسی و ئاڵوگۆڕەكانی ناوچە وەك شەڕی داعش، كێشەی سووریە و پرسی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە تاوتوێ کرا، كە لە زۆربەی لێكدانەوەكاندا، بۆچوونەکان لێک نزیک و هاوڕا بوون.

لە بەشێكی دیکەی ئەو دیدارەدا، باسی ئێران بە گشتی و كوردستانی خۆرهەڵات بە تایبەتی كرا و لەسەر سیاسەتەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ڕێكکەوتنی ئێران و ڕۆژئاوا لە ناوچەكە و نێوخۆی ئیران و بە تایبەت درێژەدان و توندتركردنی فەزای سەركوت و خەفەقان لەسەر ئازادیخوازان و نەتەوە ژێردەستەكانی ئێران كرا.

لەو پێوەندییەدا، دوو لایەن لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە سەرەڕای زەقتربوونەوەی كێشەكانی نێوان قۆڵەكانی دەسەڵات، هیچ یەك لەو باندانەی دەسەڵات، لە سەركوت زیاتر چی‏دیكەیان بۆ خەڵكی ئێران و كوردستان نییە.

لە میانەی ئەو دیدارەدا باسێك لەسەر شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئیران و چۆنیەتی هەڵوێست‌گرتنی دوو لایەن و هێزەكانی دیكەی كوردستانی خۆرهەڵات كرا.

لە كۆتایی دیدارەكەدا باس لەسەر چۆنیەتی هاوكاریی زیاتری دولایەنە و باقی هێزەكانی دیكەی خۆرهەڵات کرا و هەر دوو لایەن لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە دەبێ هەوڵی زیاتر بدەن بۆ لێك‏نزیكبوونەوەی لایەنەكان و بە دانیشتن و دیاڵۆگ ناكۆكیەكان نەهێڵن و دەرس لە ڕابردوو وەرگرن بۆ دروستكردنی گوفتمانی هاوبەش و پێكەوە هاوكاریی‌كردن بۆ هەر كارێک كە دەبێ لە داهاتوودا بیكەن.