کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژووی سەروەریی سیاسی لە حکوومەتی ئەردەڵانەوە تا کۆمار

12:36 - 2 رێبەندان 2719

ئاژوان مەریوان

ئەوەی مێژووی خۆی نەزانێت، داهاتوویەکی نابێت!

نەتەوەی کورد لە مێژووی خۆیدا خاوەنی سەروەری و حکومڕانیی خۆی بووە، ئەم نەتەوە قەت لە مێژوودا بێ کیان و حکوومەت نەبووە، بەڵام مخابن مێژوویەک کە لەلایەن موستەشرقانی بریتانیایی و بە هاوکاریی داگیرکەرانی ئەم خاکە نووسراوەتە بە مەبەستی مێژووسازی بۆ پرۆسەی بە دەوڵەت- نەتەوەبوونی مۆدێڕن، مێژوویەکی چەواشە و بەلاڕێبراویان دەرخواردی نەتەوەکەمان داوە، تا هەست بە حوزووری خۆی لە ڕەوتی مێژووی جیهانیدا نەکات.

گەلۆ جێگای بڕوایە نەتەوەیەکی مەزن وەکوو کورد لەسەر ئاخی خۆی هەزاران ساڵ خاوەنی سەروەری و حوکمڕانیی خۆی نەبووبێت بەڵام زمان و شوناسی لە دوای هەزاران ساڵ هەروا پارێزراو مابێتەوە!

لێرەدایە کە پرسیارێک لە زەینی تاکی کورددا شکڵ دەگرێت، کە گەلۆ حکوومەتەکانی ڕابردوو چ لە فۆرمی دەسەڵاتێکی تەواو سەربەخۆ  و چ وەکوو میرایەتییە کوردییەکان و چ ئێمپراتوریەتی ئەیووبییەکان بە نوێنەری کورد دێنە ئەژمار، یان باشتر وایە بڵێین حکوومەتێکی کوردی بوونە؟ یان دەسەڵاتی ئیسلامی، خێڵ، هۆز و دەرەبەگەکان بوونه.

لێرەدایە کە پێویستیی خوێندنەوەیەکی ورد لە مێژووی سەروەری لە جیهان و تێگەیشتن لە دیسکۆرسی زاڵ لە هەر سەردەمێکی مێژووی مرۆڤایەتی بەرجەستە دەبێتەوە؛ ئەوەیکە لێرەدا بۆ تاکی کورد گرینگه تێگەیشتنە لە دیسکۆرسی زاڵ لە سەردەمی مۆدێڕندا کە دەوڵەت- نەتەوە چەمکێکی نوێیە لە مێژووی حوکمڕانی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا کە دەرەنجامی شۆڕشی فەڕانسە و ئورووپای نوێیە و نەتەوەی کوردیش لەم ڕەوتە بێبەش نەبووە!

سەروەری تا ڕادەیەک بیرۆکەیەکی تازەیە و بە گەلێک بارودۆخی مێژوییدا تێپەڕیوە، لە سەردەمی کۆندا شتێک نەبووە بە ناوی سەروەریی دەوڵەت، ئەوەی لە ڕۆژگاری کۆندا بووە، پادشا یان حاکمی وڵات، بە تەنیا خۆی مافی سەروەریی هەبووە و بە ئارەزووی خۆی وڵاتی بەسەر کەسوکار و خزمە نزیکەکانی خۆیدا دابەش کردووە، خۆی بڕیاری جەنگی داوە و خۆی ئاشتیی ڕاگەیاندووە، هەموو ئەو مافەشی بە مافێکی خودایانە بۆ خۆی داناوە.

سەروەری بە شێوەی گشتی و سادە بە واتای هەیمەنە و دەسەڵاتی تەواوە. ئەم چەمکە بناغەدانەری سیستەمی نوێی نێودەوڵەتییە و بە سیستەمی دەوڵەوت- نەتەوە لە جیهاندا شەرعییەت دەبەخشێت.

لە ئاستی یەکەمدا، سەروەری بە واتای کۆنترۆڵی خەڵک و چوارچێوەیەکی دیاریکراوی جوگرافیاییە. ئەم چەشنه لە کۆنترۆڵ، لەنێو چوارچێوەی حکوومەتەوە ئیعمال دەکرێت و ڕەوتی مێژوو سەلمێنەری گەشەی  بەردەوامی ئەم سیستمەیە کە لەلایەن دەوڵەتانی نەتەوەیی و هێزی دەوڵەت لە ناوەندی ئەم سیستەمەدا چڕ دەبێتەوە.

سەروەری لە مێژووی خۆیدا چەند قۆناغی بڕیوە؛ لە هەندێک لە قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، سەروەری لەلایەن کەس یان گرووپێکەوە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی جوغرافیایی- سیاسیدا قۆرغ دەکرێت، سەروەری لەم قۆناغەدا لەسەر بنەمای هێز و بە پاڵپشتیی هێزی ماددیی ڕێبەرەکانیەوە مسۆگەر دەبێت، بەم پێیە شێوەگەلێکی جیاواز لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی لێدەکەوێتەوە کە لە ئیمپراتۆرییەتە فرە ئێتنیکییەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە سیستمگەلی پاشایەتی و تێئۆکرات.

لە سیستەمی فێئۆداڵیی ئورووپا لە سەدەکانی ناویندا، فێئۆداڵەکان لە چوارچێوەی پارچە زەوییەکی دیاریکراودا کە لەژێر دەستیاندا بوو دەسەڵاتی خۆیان دەنواند، بەڵام فێئۆداڵەکانیش دەبا لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی پادشاکەیاندا بجووڵێنەوە. بەڵام ڕەوشەکە هەروا ئاسان نەبوو و بڕێ کات فێئۆداڵێک لە ناوچەیەکدا دەسەڵاتی لە پادشاکەی خۆی زۆرتر بوو، بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بە "دوکی بورگاندی" بکرێت کە دەسەڵاتی لە پادشایەتی فەرانسە لە سەردەمی خۆیدا زۆرتر بوو.

لە دوای سەدەکانی ناویندا هێدی هێدی دەسەڵاتی کلیسا و فێئۆداڵەکان کەمتر دەبووەوە و بەستێن بۆ دەسەڵاتی ڕەهای پادشایەتی دەستەبەر دەبوو.

جێگەی ئاماژەیە لە پرسی سەروەری لە ئورووپادا، دەسەڵاتی کلیسا بەسەر ژیان و بارودۆخی سیاسییەوە شوێندانەر و کارتێکەر بوو، لە هەقیقەتدا پادشا یان لۆرد لە ئیعماڵی دەسەڵات و سەروەریی خۆیاندا بەرەوڕووی دەخاڵەت و تێبینییەکانی کلیسای کاتۆلیک بە ڕێبەرایەتیی "پاپ" دەبوونەوە، کە ئەمە خاڵێکی گرینگە لە تێگەیشتنی مێژووی سەروەری لە جیهاندا.

لە مێژووی کۆن لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناڤین و  ئێراندا دەسەڵات مەشرووعیەتی خۆی لە ئاسمان وەردەگرت و دەسەڵات هێڵێکی ئەستوونی هەبوو، کەواتە پادشاکان خۆیان بە نوێنەری ئاسمان و خودا لەسەر گۆی زەوی دەزانی و پشت بەستوو بە ئایین و هێزی نیزامی، سەروەریی خۆیان دەنواند.

حکوومەتگەلێک کە دوای هاتنی ئیسلام بە دەسەڵات گەیشتن، وەکوو سەفاریان، سامانیان، تاهریان، سەلجووقیان، ئال بوویە، خوارەزمشاهییان و... هتد، هەر کامەیان لەلایەن کەسێکی بەهێزەوە و بە پاڵپشتی ئیل یان هۆزەکەیانەوە ڕادەپەڕان و بەسەر بەشێک لە جوگرافیادا زاڵ دەبوون و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیانە دەگرتە دەستی خۆیان و هەرێمێکیان ڕادەگەیاند؛ بەڵام لێرەدایە کە بوونێک لە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، ئەوان هێزی خۆیان بەسەر بەشێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا ئیعمال دەکەن و لە هەمان کاتدا لەوانەیە بۆ خۆیان باج بە حاکمێکی دیکە بدەن یان لەژێر چەتری ئیمپراتوریەتێکی دیکەدا بن، بۆ نموونە غەزنەوییان باجیان بە خەلیفەی عەباسی لە بەغدا دەدا و خۆیان بە نوێنەری ناوبراو لە هەرێمەکەی خۆیان دەزانی.

نموونەیەکی دیکە لە مێژووی ئێراندا کاتێک بەرەو ڕووی مێژووی غەزنەویان دەبینەوە سوڵتان "مەحموود"، سوڵتانێک لە بنەماڵەیەکی بە ڕەچەڵەک تورک لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا بوو کە بە جەنگ و هێزی شمشێر بەشێک لە خاکی جوگرافیای ئێرانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

تێئۆرییەکانی سەروەری لە سەدەکانی ناوینەوە تا سەرەتای سەردەمی مۆدێڕن:

لە سەدەکانی ناویندا یەکێک لە تێئۆرییە باوەکانی سەروەری، تێئۆرییەکانی "تۆماس ئاکونیاس" بوو. بیردۆزەکانی ئەو لەژێر کارتێکەریی ئامۆژگارییەکانی کلیسادا بوو، ناوبراو باوەڕمەند بوو بەوەی کە سەروەری لەلایەن خوداوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو سەروەرییەی لەلایەن فەرمانڕەواکانەوە ئیعمال دەکرێن، سەرچاوەی لە خوداوەیە و هەر بۆیە فەرمانڕەواکان ناچارن هێز و دەسەڵاتی خۆیان لەسەر ئایین و ڕێنماییەکانی مەسیحییەت بەڕێوە بەرن، بە پێچەوانەی ئەمە خەڵک بۆیان هەیە فەرمانڕەواکەیان لەسەر دەسەڵات لادەن.

بە تێپەڕینی کات، ڕوانین بۆ سەروەری لەسەر چەمکی "پادشایەتیی ملهوڕانە" بیچمی گرت.

"تۆماس هابز"ی بریتانی پێی وابوو سەرچاوەی هێز لە ئاسمانەوە نییە و بەڵکوو لە گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە نێوانی خەڵک و فەرمانڕەواکەیاندا بەستراوە؛ بەپێی ئەم گرێبەستە خەڵک لە بەشێک لە مافە سروشتییەکانیان دەگوزەرێن و لە بەرانبەردا حکوومەت تەناهی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەرگری لە بوونیان دەستەبەر دەکات.

پاشتر "جان لاک"، فەیلەسووفی بریتانیایی بە جەختکردنەوە لەسەر مافی سروشتیی خەڵک و بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی، ئاسۆیەکی نوێی لە سەروەری نەخشاند.

بەپێی بۆچوونەکانی "جان لاک"، سەروەری لەلایەن خەڵکەوە دراوەتە دەستی حکوومەت، بۆ ئەوەی کە پارێزگاری مافە سروشتییەکان و خەڵکەکەی بێت.

وێنای ئەوەی کە سەرچاوەی سەروەری دەبێ لەلایەن خەڵکەوە بێت، بووەتە سەرەکیترین بنەمای دێموکراسی و لە شۆڕشی فەڕانسە و یاسای بنەڕەتیی ئامریکادا گەشەی کرد.

"ژان بۆدن"، فەیلەسووفی فەرانسەوی بە تێئۆرییەکانی بەستێنی بۆ دەوڵەتی ملهوڕانە ڕەخساند و هەروەها پەیمانی ئاشتیی وێستێفالیا لە ساڵی ۱۶۴٨ی زایینیدا، بەستێنی پراکتیکی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەکان بە خوێندنەوەیەکی نوێ لە سەروەری ڕەخساند، سەروەری لەم چەشنە حکوومەتە نوێیانەدا لە پاوانی حکوومەتی ناوەندیدا بوون و بەگشتی لەژێر هەژموونیی کلیسادا هاتبوونە دەرەوە.

خاڵی گرینگ لە پاش پەیمانی ئاشتیی وێستفالیا ئەوە بوو کە لە بواری مافی نێونەتەوەییەوە دەوڵەت- نەتەوە پێکهاتووەکان سەڕەڕای جیاوازی پانتایی جوگرافیایی و هێزی سەربازییان، خاوەنی سەروەریی یەکسان و هاوشێوە بوون کە ئەم ڕەوتە بووە هێنانە ئارای سیستەمی دەوڵەت تەوەر لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا.

مێژووی سەروەریی سیاسی لە حکوومەتی ئەردەڵانەوە تا کۆمار:

لە پاش هاتنی ئیسلام، لە کوردستاندا چەندین حکوومەت و میرنشینی کوردی فەرمانڕەوایی ئەم وڵاتەیان کردووە، کوردستان بەپێی هەلومەرجی تایبەتی جوگرافیایی- کۆمەڵایەتیی خۆی، بەردەوام قەڵای لەگیراننەهاتووی دوژمان و داگیرکەرانی بووە و هیچ لایەنێک نەیتوانیوە سەروەریی خۆی بەسەر هۆز و عەشیرە کوردییەکاندا بسەپێنێت.

حکوومەتی ئەردەڵان لە کوردستاندا بۆ ماوەی هەفت سەدە دەسەڵاتداری کوردستان بووە، حکوومەتی ئەردەڵان لەو دەگمەن میرنشینگەلەیە کە بۆ ماوەی چەندین سەدە نەچووەته ڕێکفی هیچ ئیمپراتووریەک و  خاوەنی سەروەری خۆی بووە، لە ململانێی نێوان دوو ئیمپراتووریای عوسمانی و سەفەوی بەردەوام بەرگریی تەواوی لە جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی و سەروەریی خۆی کردووە و ملی بۆ دەسەڵاتی هیچ کام لەم دوو زلهێزە نەوی نەکردووە، ئەوەی کە لێرەدا جێی ئاماژەیە حکوومەتی ئەردەڵان هەتاکوو سەردەمی شا عەباسی یەکەمی سەفەوی وەکوو حکوومەتێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتی کردووە و سەروەری سیاسیی خۆی بە تەواوەتی بەسەر خاکی کوردستاندا وەکوو حکوومەتێکی  سەربەخۆ پاراستووە.

"هەڵۆ خان"، بەناوبانگترین فەرمانڕەوای حکوومەتی ئەردەڵان (۱۰۲۶-۹۹٨ ک.م) ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە "مملکت مستقلە" یان دەوڵەتی "علیحدە" ناو دەبرد. شا عەباس سپایەکی ١٠هەزار کەسیی بە سەرکردایەتیی "حوسێن خان"، حاکمی لوڕستان، بۆ داگیرکردنی کوردستانی ئەردەڵان نارد، کە لە شەڕێکی گراندا لە بەرانبەر لەشکری کوردستان دەشکێن، لەشکرکێشییە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی سەفەوی بێ کەڵک دەبن و شا عەباس ناچار دەبێت خۆی سەرکردایەتی لەشکرەکەی بکات، کە ئەویش ئاکامێکی جگە لە شکست بۆ سوپای داگیرکەر نابێت.

لە پاش شکانی لەشکری داگیرکەری سەفەوییە بۆ سەر وڵاتی کوردستان، شا عەباس هەوڵ دەدات لە دەرگای ئاشتی و وتووێژەوە بێتە پێشەوە، هەڵۆ خانیش لەبەر بارودۆخی تایبەتی ئەو سەردەمە و مەترسیی عوسمانییەکان، ئەم ئاشتییە قەبووڵ دەکات و کوڕەکەی و لێژنەیەک دەنێرێتە ئیسفەهان.

لە ساڵی ۱۰۲۵ ک.م، خان ئەحمەد خان کوڕی هەڵۆ خان کە لە دەرباری سەفەویدا گەورە ببوو و زاوای شا عەباس بوو، لەلایەن دەرباری سەفەوییەوە ڕادەسپێردرێت بۆ وەلانانی هەڵۆخان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی، خان ئەحمەد خان بە یارمەتیی دایکی و خیانەتی سەرۆک هۆز و عەشیرەکاندا لە کودەتایەکی سەرکەوتوودا کۆتایی بە دەسەڵاتی هەڵۆخان دەهێنێت و کەلەپچەکراو هەڵۆخان ڕەوانەی ئیسفەهان دەکات.

بە داگیرکردنی کوردستان لە ئاکامی خیانت و خۆبەدەستەوەدان لە ساڵی ۱۰۲۶ ک.م، کوردستان کە هەتا ئەو سەردەمە سەربەخۆ بوو بە شێوەی فەرمی پەیوەست بە ئیمپراتووریای سەفەوی دەبێت، سەربەخۆیی و سەروەری تەواوی خۆی لەدەست دەدات و بە شێوەی فەرمی دەبێتە ئیالەتێکی ئەو ئێمپراتۆرییەتە.

 لە پاش ئەم ڕووداوەوە ئەردەڵانەکان هەتا کۆتایی تەمەنیان لە سەردەمی  قاجارییەدا ناتوانن سەربەخۆیی و سەروەریی لەدەستچوویان بگەڕێننەوە.

ئەوەی کە گرینگه تا سەدەی بیستەم لە کوردستاندا شوناسی نەتەوەیی دیسکۆرسی زاڵ نەبووە، ئەگەر لە مێژووی کوردستاندا شوناسی نەتەوەیی نەکەین بە بنەمایەک بۆ خوێندنەوەی مێژووی سەروەری لە کوردستاندا واتە بە چاویلکەی دیسکۆرسی زاڵ لە سەردەمی مۆدێڕندا نەڕوانینە هێڵی مێژوو، هێڵێکی پەیوەستە لە مێژووی سەروەری لە کوردستاندا وەبەرچاو دەکەوێت.

کۆماری کوردستان درێژە و تەداومی هه‌مان دەسەڵاتی کوردیی هۆز و عەشیرەتەکانی سه‌رانسه‌ری کوردستان بوو، که لە فۆرمێکی مۆدێڕن و ئەمڕۆییدا و لەژێر ناوی سیستەمی کۆماریدا دیسان سەری هەڵدایەوە.

بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان وەکوو یەکەمین دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردی کە لەسەر هەمان بناغەی لەدەستچوونی سەروەری بووە دەکرێت وەها خوێندنەوە بۆ بابەتەکە بکرێت کە دەسەڵاتدارییەکی کوردی  لەنێوچووە دیسان لە زەروورەتێکی مێژوویی نوێدا و لە چوارچێوەیەکی گوتارێکی نوێدا بەڵام لەسەر هەمان بناغە حکوومەتێکی کوردیی دیکە دامەزراوەتەوە.

ئەوەی لێرەدا گرینگە، تاکی کورد دەبێ بناغەی سەرەکی لە ڕەوایەتی مێژوویی خۆیدا "کوردستان" بێت، کوردستان وەکوو کانستراکشێن. کوردستان بەردەوام خاوەنی حاکمییەت و سەروەریی خۆی بووە، گرینگ نییە کێ بووە و کێ هاتووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.