کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٨ لەسێدارەدانی ئاشکرا؛ ڕێژیم لە کرماشان زیاترین لەسێدارەدانی جێبەجێ کردووە

11:27 - 1 خەزەڵوەر 2725

ئامارە کۆکراوە مافی مرۆییەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٠ هەتا ١٤٠٢، لانیکەم ٨٨ سزای لەسێدارەدانی بەشێوەی ئاشکرا و لەپێش چاوی خەڵکەوە جێبەجێ کردووە کە پارێزگای کرماشان بە یەکێک لەو پارێزگایانە بە ئەژمار دێت کە زۆرترینی ڕێژەی ئەو جۆرە سزایەی تێیدا جێبەجێ کراوە.

ڕۆژنامەی "شەرقـ"ـی سەر بە ڕێژیم لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "نیشاندانی سزای دژواری سێدارەی ئاشکرا" نووسیویەتی: "پارێزگاکانی کرماشان، خوراسان و فارس زۆرترین ڕێژەی ئەو جۆرە لەسێدارەدانەی تێیدا جێبەجێ کراوە".

"شەرق" هەروەها بە ئاماژەدان بە چۆنیەتیی جێبەجێکردن و شوێنی دیاریکراوی ئەو سزایانە نوووسیەتی: "بەپێی ئامارەکان، لەکۆی ئەو ٨٨ حاڵەتی لەسێدارەدانە ئاشکرایە، زۆربەیان لە شارەکانی ناوەندی پارێزگاکان و ئەو شوێنانەی هاتوچۆی زۆری خەڵکی بەسەرەوەیە، جێبەجێ کراون".

 لەو ڕۆژنامەیەدا باس لەوە کراوە کە لەو نێوان ئەو ١٢ ساڵەدا، ڕێژەکان وەکوو یەک نەبوون و هەر ساڵێک بە نیسبەت ساڵی پێشووەوە هەڵکشان و داکشانی بووە و بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەو ڕەوتە هەتا ئیستاش بەردەوامە.

لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەی ڕێژیمدا هاتووە کە هەرچەند بەرپرسانی ڕێژیم ئەو سزایە بە پاساوی چاوترسێنکردنی تاوانباران و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانەکان لەپێش چاوی خەڵکدا بەڕێوە دەبەن بەڵام ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە نەک هەر تاوانەکان کەم نەبووەتەوە بەڵکوو ساڵ بە ساڵ ئەو ڕێژەیە ڕوو لە هەڵکشانە.

 کارناسانی بواری زانستی کۆمەڵایەتی و دەروونناسی لەوبارەوە ڕایانگەیاندووە لەسێدارەدانی ئاشکرادا تەنیا ئاسایی نیشاندانی توندوتیژییە و ئاشکرا جێبەجێکردنی ئەو سزایە، نەک تەنیا یارمەتی بە هێورکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی تاوانەکان نادات بەڵکوو ئاکامی پێچەوانەی بەدواوەیە".

بەپێی ماددەی ٤ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ لە دۆخی تایبەت و بە پێشنیاری دادستان و ڕەزامەندیی دادستانی گشتیی ڕێژیم، سزای لەسێدارەدانی ئاشکرا لەپێش چاوی خەڵکەوە جێبەجێ دەکرێت و بەڕێوەبردنی ئەو یاسایە لەکاتێکدایە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان نەک هەر ئەو جۆرە سزایە بەڵکوو هەموو شێوازەکانی لەسێدارەدانیان لە یاسای خۆیان سڕ کردووە یان سڕیوەتەوە.