کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٣١ چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

11:31 - 1 خەزەڵوەر 2725

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاویدا، ٣١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو کەسانە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان وچارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەو ئەنجومەنە لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاویدا، ٣١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلاب و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە سەرجەم بە ٤٩ ساڵ و یەک مانگ و دە ڕۆژ بەندکردنی داسەپاو مەحکووم کراون.

هەروەها شەش هاووڵاتیی عەرەب و هاووڵاتییەکی کورد بە تۆمەتی موحاربە لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گوێدانە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە بەڕێوەبردنی سزای سێدارە بەردەوامە و لە ماوەی ١٠مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.