
هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی "ڕامین فاتحی"، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بنەماڵەی ئەو شەهیدەیان بانگ کردووە و لە گوشارەکانیان بۆ سەر ئەو بنەماڵەیە و و برا و خوشکەکەی هەروا بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، وریا فاتحی، برای ڕامین فاتحی لە شەهیدانی "بزووتنەوەی ژینا" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە بانگ کراوە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپێچینەوەی لێ کراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕادا فاتحی، خوشکی شەهید ڕامین و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا، لە لاپەڕەکەی ئینستاگرامیی خۆیدا نووسیویەتی: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤، وریا فاتحی برام دیسان لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە بانگ کراوە".
شایانی باسە، وریا فاتحی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا سێ جاری دیکە لەلایەن ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و لە دوای هەڕەشەلێکردن لە ناوبراو، چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە.
ڕامین فاتحی، هاونیشتمانیی تەمەن ٤٧ ساڵی خەڵکی شاری سنە بوو کە ٩ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
هەتا ئێستا ئەو هێزانەی ڕێژیم لە سەرکوت و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی ئەو شەهیدە بەردەوامن و ناوەناوە سەرەڕای بانگکردنی خوشک و براکەی، لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ دەکەن.