کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیدارترین چەکی دەستی ڕێژیم

23:49 - 24 خاکەلێوه 2722

شەماڵ تەرغیبی

زۆر جاران لە بەناو گەورەبەرپرسانی حکومەتیمان بیستووە کە دەڵێن دەبێ خەڵک هەموو کات بە قسە و نووسینەکانمان هیوادار بکەین بە داهاتوو؛ بەڵام ئایا تەنیا باس کردن لە داهاتوویەکی ڕەنگاڵە و پڕ لە جوانی بە بێ هەبوونی پراکتیک و کردار بۆ ئەم گەشانەوە، دەتوانێ ساڕێژی برینە کۆنەکانی خەڵک لە ئەنجامی هەژاری و داماوی و لێقەوماوی بێت کە خودی بەرپرسان هۆکاری سەرهەڵدانی بوون؟!

لەم ڕاستایەدا زۆر جار بینیومانە کە کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی دەزگای دەنگوڕەنگی خۆی یان لەڕێگەی بەناو نووسەرەکانی سەر بە دەزگای ویلایەت هەوڵی داوە ئەم داهاتووە خەیاڵییە بۆ خەڵک وێنا بکات یان هەموو کات لە ڕابردووی کۆندا بیانهێڵێتەوە و نۆستالۆژییەکانیان وەبیر بێنێتەوە؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەوڵێکی قێزەونی تری هەبووە کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ فێرکردنی کۆمەڵگا بە داماوی! کە لە زانستی دەروونناسیدا پێی دەوترێ فێرەداماوی. واتە هەوڵدان بۆ ئەوەیکە لە زەین و فکری تاکەکانی کۆمەڵگا ئەو بۆچوونە چەوت و ناڕاستە جێ بخات کە تۆ لەو بازنەی کە من بۆم کێشاوی بەولاتر نابێ بجوڵیت و ئەگەر جوڵەی زیادیت هەبێ ئەوا بەرەوڕووی سزای توند دەبیتەوە! بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری باسەکە ئاوڕێکی کورت لە فێرەداماوی دەدەینەوە؛ فێرەداماوی چییە؟

فێرەداماوی (Learned Helplessness) یەکێکە لە تیۆرییە بەناوبانگەکان کە مارتین سەلیگمەن ، دەروونناس و مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا، دایهێناوە.

فێرەداماوی باس لە دیاردەیەکی ڕەفتاری دەکات کە هەم لە ئاژەڵان و هەم لە مرۆڤدا زۆرجار دەبیندرێت. ئەم تیۆرییە لە دوو وشەی داماوی (Helplessness) و فێرکراو (Learned) پێکهاتووە، مەبەست لە فێرکراو ئەوەیە کە داماوی بەشێک نییە لە غەریزەی مرۆڤ بەڵکوو لە هێندێ قۆناغی ژیاندا مرۆڤ فێری دەبێت. بە کورتی فێرەداماوی یەکێکە لە ئەزموونەکانی شکست.

بۆ نموونە کاتێ ئاژەڵ یا مرۆڤ تووشی گرفت، قەیران یا ئازارێک دەبێت، سرووشتییە کە هەوڵ بۆ چارەسەری یا دەربازبوون بدات. ئەگەر ئەو ئاژەڵە یا ئەو مرۆڤە چەندجار لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو نەبێت، تووشی شکستێکی تاقیکراو دەبێتەوە و لە ئاکامدا لە هەوڵدان دڵسارد دەبێتەوە، چوونکە پێی وایە ژیانی لە کۆنترۆڵی خۆیدا نییە و تەسلیمی دۆخەکە دەبێت. کەوایە هەوڵ بۆ پاساوهێنانەوە دەدات و قسەگەلی وەک: ناکرێ، ناتوانم، ناهێڵن، چار نییە، بەرژەوەندی وا دەخوازێ، چارەنووس و هتد بەشێکن لەو پاساوانەی کە مرۆڤی فێرەداماو بەکاریان دەبا.

دیاردەی فێرەداماوی هەڕەشەی جیددییە بۆ سەر سێ پاڵنەری سەرەکیی مرۆڤ

١- لاوازکردنی پاڵنەری ئەنگیزەگەری (Motivational effects) واتە ئەزموونی شکست ئەنگیزەی مرۆڤ بۆ هەوڵدان دەمرێنێت.

٢- لاوازکردنی پاڵنەری زانین (Cognitive effects) واتە توانایی فێربوون و چارەسەردۆزینەوە بە لای مرۆڤ لاواز دەکات.

٣- لاوازکردنی پاڵنەری هەستیاری (Emotional effects) واتە تووشی خەمۆکی دەبێت.

دیاردەی فێرەداماوی، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کاردانەوەی خراپی لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ئێمە دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر کاروکاسپی نەتوانێ خەون و ئاواتی دەوڵەمەندبوون وەدی بێنێت، مرۆڤ پەنا بۆ دزی و گەندەڵی دەبات. ئەگەر قوتابییەک لە تاقیکاریدا چەندجار دەرنەچێت وا دەزانێ گرفتی فێربوونی هەیە و پەنا بۆ قۆپی (تقلب) دەبات. هەروەها درۆکردن، خۆڕانان و خۆهەڵکێشان (کە لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان زۆر باوە) بەشێکن لە دەرەنجامەکانی فێرەداماوی، چوونکە ئەو کەسانە پێیان وایە کەم دەبیندرێن و هەوڵ دەدەن بە خۆڕانان سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕاکێشن.

لەم گرتەویدیۆدا ئەو ورچە کە بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، ماوەی ٢٠ ساڵان لە باخچەی ئاژەڵان و لە قەفەسدا ژیاوە. دوای ئازادبوون، ڕەفتاری ئەو ورچە زۆرێک لە توێژەرانی سەرسام کرد. ئەگەرچی ئەو ورچە بە جەستە ئازادە، بەڵام لەباری زەینییەوە هەر زیندانییە و هیچ هەوڵێک نادات کە لەو بارستاییەی کە ماوەی بیست ساڵان بە دەوری خۆیدا سووڕاوەتەوە، واوەتر بچێت. ئەمە نموونەیەکە لە فێرەداماوی، چوونکە پێشتر هەوڵەکانی تووشی شکست هاتووە و پێی وایە جیهانی ئەو، ئەو جەغزە تەنگەیە کە بە دەوریدا دەخولێتەوە.

ئەوەیکە لە ئەمڕۆشدا لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەبیندرێ ڕێکاوڕێک کەڵکوەرگرتن لەم تیۆرییەیە دژ بە خەڵکانی ئێران؛ بەو واتایە کە کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەها دەنوێنێ کە دەبێ خەڵک ئۆمیدەوار بن بەڵام لە هەمان کاتیشدا سەرنجی تایبەتی داوەتە ئەو کەتوارەی کە، کاتێک دەتوانێ درێژە بە حوکمڕانییە ناڕەواکەی بدات کە هاوکات لەگەڵ نائاگابوون، خەڵک لە بازنەیەکی داخراوی هزریدا بهێڵێتەوە تا ئەگەر تەنانەت بە جەستەش ئازاد بوون نەتوانن لە جەغزی بەرتەسکی فکر و ئەندێشە گەشەنەکردووەکانیان ڕزگاریان ببێ؛ کەواتە ئەوەیکە لە ئەمڕۆدا بۆ ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە سەرووتری هەموو شتێکەوەیە خۆپڕچەککردنە بە هزر و ئەندێشە تا بتوانین لەو پاوەن و زنجیرەی کە بۆیان ساز کردووین خۆ ڕزگار بکەین و ڕێژیمیش داماڵین لەو چەکە مەترسیدارەی کە پێیەتی.