کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دەوا و دەرمان لەئێران دووقات زیاد بوون بە خۆیەوە دەبینێت

23:24 - 22 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: وەزیری تەندروستی رێژیمی ئێران رایگەیاند، دەبێ‌ هاووڵاتیان لە ساڵی تازەدا چاوەڕۆانی زیاد بوونی نرخی دەوا و دەرمان بن.
محەممەد حوسێن تەریقەت لە كۆبوونەوەی بەرنامەی پزیشكی بنەماڵە رایگەیاند، بەپێی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی كە ئێرانی گرتۆتەوە دەبی چاوەڕۆانی زیادبوونی نرخی دەوا و دەرمان لە ئێران بین.
هەواڵدەریی تابناك لەزاری وەزیری تەندروستی رێژیمی ئێرانەوە بڵاوی كردەوە، زۆری تێچووی دەوا و دەرمان لە ئێران پێوەندیی بە چوونە سەری نرخی دۆلارەوە هەیە.
هەنووكە بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی سەر رێژیمی ئێران تەنیا چەند بانكێكی دەرەكی لە ئاستی جیهاندا ئامادەی ئاڵووێری دراو بەمەبەستی كڕینی دەوا و دەرمان بۆ وڵاتی ئێرانن.

لەئێران هاووڵاتیان بەپێچەوانەی وڵاتانی دیكە نزیك بە لەسەدا هەفتای تێچووی دەرمانەكان بۆ خۆیان دابینی دەكەن و ئەوەش بۆتە ئاریشەیەكی زۆر جیدی بۆ هاووڵاتیانی ئێران.
هەر لەو پێوەندییەدا نرخی كەرەسەكانی تایبەت بە نەشتەرگەری و ددانسازی چوونە سەری بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و هەر بە هۆی ئەو گرانییە، ئەو کەرەسانە روویان لە كەمی كردووە.