کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی دوو پارتی سیاسیی کورد لە بلژیک لەگەڵ دوو کاندیداتۆری ئەو وڵاتە کۆبوونەوە

18:25 - 3 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان و دوو کاندیداتۆری پارلمانی هەرێمی فلاندرەن لە وڵاتی بلژیک کۆبوونەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بلژیک و دوو سیناتۆری هەرێمی فلاندرەن بەناوەکانی \'\'کارل ڤان لاوە و \'\'لیڤەن درۆک پێکهات.

لەو کۆبوونەوەیەدا سیناتۆر ڤان لاوە باسێکی لەسەر بەرنامە و پیلانی حیزبەکەی لە بواری پێداگری لەسەر دابینبوونی مافی نەتەوەیی گەلان دوا و لەبارەی دۆستایەتی و نزیکیی نێوان خۆی نەتەوەی کورد قسەی کرد.

سیناتۆر ڤان لاوە لەو کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی خۆی لە رابردوودا و لەپێوەندی لەگەڵ پرسی کورد قسەی کرد و وتی: لە داهاتووشدا و لە خولی داهاتووی پارلماندا لە پشتگیری پرسی کورد بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی بەردەوام دەبێت.

سەدیق تەروانشە بەرپرسی کۆمیتەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بلژیک چەند پرس و بابەتێکی پێوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باس کرد.

لەو کۆبوونەوەدا جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک، دۆخی هەنووکەیی کورد بە گشتی و کوردستانی ئێران بەتایبەتی و هەروەها پێشێلکارییەکانی مافی مرڤ و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر پرسی نەتەوەیی گەلی کورد قسەی کرد و لەسەر چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ بەشدارانی کۆبوونەوەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕای کرد.