کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەیەکی پارلمانی ئورووپادا بەشداریی کرد

17:49 - 14 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک، لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان لە پارلمانی ئورووپا بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەو کۆبوونەوە کە لەلایەن \'\'ئانا گۆمێس\'\' پارلمانتاری پورتەغالیی سەربە یەکیەتیی پێشڕەوی سوسیالیست دێموکراتەکانی پارلمانی ئورووپا و رێکخراوی ژیان لە هەرێمی کوردستان لە پارلمانی ئورووپا پێکهاتبوو و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک لە بانگهێشتنێکی فەرمیدا بەشداریی تێدا کرد.
نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا بەم شێوەیە قسەی کرد و وتی: پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنان دیاردەیەکی هەرێمی نییە و لە هەموو دونیا و تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش بوونی هەیە و تەنیا بە هەبوونی یاسای سەردەمییانە چارەسەر ناکرێت.
فەتحی وتیشی: بێ گومان ئەم پێشێلکارییانە لەلایەن حکوومەتە سەرەرۆ و دیکتاتۆرەکانەوە بەرچاو و لە رادە بەدەرە. بۆ نموونە وڵاتی ئێران کە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، مافی ژنان لە هەموو بوارەکاندا پێشێل کراوە.
کوشتن و راوەدوونانی چالاکانی مافی ژنان و دواکاریی هێنانە ئارای پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە دانووستانەکانی یەکیەتیی ئورووپا و رێژیمی ئێران، بەشێکی دیکەی قسەکانی نوێنەری حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا پێکهێنابوو.