کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات، بەشداریی لە کۆبوونەوەی شۆرای ژنانی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستدا کرد

13:14 - 18 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی ژنانی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیست، بە بەشداریی پەروانە حەیدەری نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی سەرەکیی حیزبی سوسیالیست لە شاری لیسابۆنی وڵاتی پورتوغال بەڕێوەچوو.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی چەندین وڵات لە ئافریقا، ئاسیا، ئورووپا و ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدار بوون و کۆبوونەوەکە بە پێشکەش کردنی‌ وتارێک لەلایەن سەرۆکی بەشی ژنان ناشناڵ دەپارتمێنت و پارتی سوسیالیستی پورتەغال، دەستی بە کارەکانی کرد.
باسی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە،‌قەیرانی نالەباری ئابووریی‌ جیهان و شوێندانەریی‌ لەسەر بارودۆخی ژیانی ژنان بوو و هێندێک لە بەشداران لەو باوەڕەدا بوون کە سیاسەتی نێ‌ئۆلیبراڵ (neoliberal) ئەو قەیرانە جیهانییەی د‌روست کردووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پەروانە حەیدەری وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو کە، زۆربەی‌‌ حکوومەتی وڵاتەکان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە ئابوورییە، سیاسەتی ‏زێدەپاشەکەوتی ئابووریی، بە تەنیا رێگا چارە دەزانن و ئەو رێگاچارەیە‌ هەتا‌ رادەیەکی زۆر شوێندانەریی نەرێنیی‌ هەبووە.
حەیدەری وتیشی: بێکاری، هەژاری، برسییەتی، توندوتیژیی خێزانی‌، یەکسانی جینسی، لە بارودۆخێکی‌ ناگونجاو دایە و رێژەی بێکاری لەناو ژنانی جیهاندا زیاتر لە پیاوانە.
نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە قسەکانی‎دا باسی لەوەش کرد، کە ژنانی ئێرانیش وەکوو زۆربەی ژنانی وڵاتانی‌ جیهان لەژێر گوشاری ئابووری دان‌، بە تایبەتی ژنانی ئەو نەتەوانەی کەلە ئێراندا دەژین، وەک ژنانی کورد، ئازەری، عەرەب، بەلووچ و تورکمەن. ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابوورییەی کەلە ئێراندا پێک هاتووە،‌ هۆکارەکەی‌‌ دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە نادروستەکانی‌ بەرپرسانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و وتیشی: ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابوورییە لە پێش هەموو شتێکدا شوێندانەری‌ نەرێنیی لەسەر ژیانی ژنان و کچاندا هەبووە.
پەروانە حەیدەریی داوای لە بەشدارنی ‌ کۆبوونەوەکە کرد کە پشتگیری و پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی لە نەتەوەکانی چەوساوە و ژنانی بێ‌بەشی ئێران بکەن.
لە کۆتاییدا بڕیارنامەیەک لەژێر ناوی قەیرانی ئابووری جیهان و شوێنەوارەکانی لەسەر ژنان پەسند کرا و داوا لە وڵاتانی ئەندامی ئینترناسیۆنالی سوسیالیست کرا، کە بە مەبەستی چارەسەری، هەنگاوی پێویستی بۆ هەڵبگرن.