کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتیانی کوردستانی ئێران سەرەڕای گوشارەکانی رێژیم لەسەر بەڕێوە بردنی جێژنی نەورۆز پێداگرن

19:41 - 29 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ماوەی دوو حەفتەیە هێزەکانی رێژیمی ئێران بە شێوەی جوراوجۆر، زەختیان خستۆتە سەر هاووڵاتییانی شار و گوندەکانی کوردستان و پێیان راگەیاندوون کە نابێ‌ جێژنی نەورۆز بەڕێوە ببن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی رێژیمی ئێران بە ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی شارەکانی سەڵماس، شنۆ، پیرانشار، نەغەدە، خۆی و ماکۆیان راگەیاندووە کە نابێ‌ پێشوازی لە جێژنی نەورۆز بکەن.
بەوتەی چەندین شایەتحاڵ، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو شارانە وتوویانە، کە هیچ کەس ناتوانێ‌ پێش بە ئیرادەی نەتەوەیی بگرێ‌ و جێژنی نەورۆزیش بۆنەیەکی گرینگە و پێویستە بەڕێوە بچێت.
هەر لەو پێوەندییەدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی نووسراوەش ژمارەیەک لە مامۆستای گوندەکانی سەر بە مەهاباد، نەغەدە، شنۆ، بۆکان و ماکۆیان وتووە نابی رێوڕەسمی چوارشەممە سووری و نەورۆز بەڕێوە ببن و ئاوڕی نەورۆز هەڵبکەن.
خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ بەڕێوە بردنی جێژنی نەورۆز بەردەوامن و رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥‌ی رەشەمە هاووڵاتییانی بۆکان لە چیای تەرەغە رێوڕسمی نەورۆزیان بەڕێوە برد.
بە وتەی شایەتحاڵێک، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ پێشگیری لە بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە خستبووە گەڕ، بەڵام نەیانتوانی بەسەر ئیرادەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا زاڵ بن.