کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ هاووڵاتیی عەرەبی ئەهواز لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

18:57 - 27 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی شەعیبیەی ئەهواز ٤ چالاکی عەرەبیان دەسبەسەر کرد.
رێکەوتی ٢٥‌ی بەفرانبار ئەبوو فەرید ئەلکەعبی تەمەن ٥٥ ساڵ، جەواد ئەلحاری تەمەن ٣٠ ساڵ، موتەلیب ئەلحاری و مەنجی ئەلحاری سەرجەم خەڵکی ئاوایی الدهولی سەر بە ناوچەی شەعیبیەی ئەهواز دەسبەسەر کران.
چاڵاکانی مافی مرۆڤی ئەهوازی بڵاویان کردەوە، هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو ٤ هاووڵاتییە نەزانراوە.
ماوەیەک لەمەوبەر خەڵکی ناوچەکانی ئەهواز بە نیشانەی زەوت کردنی زەوی زارەکانیان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، دەستیان دایە خۆپیشاندان و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتی دەسبەسەر کران.
چەند رۆژ لەمەوبەریش هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی ئەهواز ٤ هاووڵاتیی عەرەبیان دەسبەسەر کرد.
عادڵ مووسا خەنفری دانیشتووی ناوچەی کووت، عەبدوڵڵا شاعیری نەتەوەیی عەرەب، مالیک عەبید دانیشتووی ناوچەی کوورە و عەلی حەیدەر تەمەن ٢٣ ساڵ دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.
چالاکانی مافی مرۆڤیالاحوازی بڵاویان کردەوە، هێزە ئەمنیەتییەکان سەرەڕای دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییانە بێ‌ حورمەتی زۆریشیان پێ‌ کردوون.
ماوەیەک لەمەوبەریش جەلیل حەمید کەعبی، کەعب شاپوور تەمەن ٢٠ ساڵ و وەلید حونش تەمەن ٢٤ ساڵ ئەو سێ‌ چالاکە عەرەبە بوون کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.
ماوەی کەمتر یەک مانگ لەمەوبەریش لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران، لە ناوچەی ئەلسیاحی ئەهواز چالاکێکی سیاسیی عەرەب بە ناوی عەبباس حەقی گیانی لەدەست دا.