کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٤ هاووڵاتیی کوردستانی تورکیە دەسبەسەر کران

12:52 - 25 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: پۆلیسی تورکیە لە ئیستانبووڵ هەواڵی دەسبەسەر کرانی ١٨ هاووڵاتیی کوردی بڵاو کردووەتەوە و لە هەمان کاتیشدا لە فەڕانسە ١٥ هاووڵاتیی کوردی تورکیە دەسبەسەر کراون.


ماڵپەڕی رووداو بڵاوی کردەوە پۆلیسی تورکیە ١٨ هاووڵاتیی کوردی کوردستانی تورکیەی لە ئیستانبووڵ دەسبەسەر کردووە کەلە نێوانیاندا ١٠ منداڵ دەبینرێن و هەتا کاتی بڵاو بوونەوە ئەم هەواڵە، ئەو هاووڵاتییانە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسدا راگیراون.
پۆلیسی تورکیە ئەم هاووڵاتییانەی بە تۆمەتی هاوکاریی پارتێکی دژبەری حکوومەتی تورکیە دەسبەسەر کردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە ماڵپەڕی حوڕیەت دەیلی نیووز بڵاوی کردەوە، پۆلیسی فەڕانسە ١٥ هاووڵاتیی کوردی بە تۆمەتی کۆکردنەوەی پارە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان دەسبەسەر کردووە.
لە وڵاتی ئاڵمانیش پیاوێکی تەمەن ٤٦ ساڵەی کورد لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتی هاوچەشنی فەرانسە دەسبەسەر کراوە.
دروشمی پارتی کرێکارانی کوردستان سەربەخۆیی کوردستانە و لە هەمان کاتیشدا عەبدوڵڵا ئوجەلان رێبەری بەندکراوی ئەو پارتە لە وتووێژەکانی ئەم دواییانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە، بڕوامەندیی خۆی بە یەکپارچەیی خاکی تورکیە و پێکەوم ژیانی ئاشتییانەی دوو نەتەوەی کورد و تورک لە چوارچێوەی وڵاتی تورکیەدا دەربڕی بوو.
لە حاڵی حازردا لە ناوخۆی تورکیە ژمارەیەک حیزب و پارتی کوردی بەشێوەی یاسایی چالاکی دەکەن و نوێنەریان لە بەشێک لە ناوەندە دەوڵەتییەکان، وەکوو پارلمان و شارەوانییەکاندا هەیە.