کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی سەردەشتی کە دەیویست پێش بە کوشتنی ئەسبی کاسبکاران بگرێت، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە کوژرا

21:33 - 23 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی نەوزاد ئیبراهیمی کوڕی مام سەعید لە نزیک ئاوایی بێتووشی سەردەشت، کە دەیویست پێش بە کوشتنی ئەسبی کاسبکاران بگرێت، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە کوژرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە نیزامییەکان لەناو ئاوایی بێتووش ژمارەیەک ئەسبی بارهەڵگری کاسبکارانیان دابوویە بەر دەستڕێژ و نەوزادیش کە دەیوست پێش بەو کوشتارە بگرێ‌، بۆ خۆشی کەوتە بەر گوللەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و کوژرا.
بەوتەی شایەتحاڵێک، نەوزاد بۆ خۆی خاوەنی ئەو ئەسبانە نەبوو و تەنیا داوای لەو هێزانە کردبوو کە تەقە لەو ئاژەڵانە نەکەن و وتیشی: تەنانەت پیشەکەشی کاری سەر سنوور نەبووە.
ئەمە یەکەم کوشتاری لەم جۆرە نییە و بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێراندا دووبارە دەبێتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگە رەشەمەوە ٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەدەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژراو و بریندار بوون.