کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران، دوو هاووڵاتیی کوردیان بریندار کرد

13:45 - 17 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەهۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس بە توندی بریندار بوون.

هەواڵدەریی هرانا بڵاوی کردەوە،لە رێگای نێوان زەنجان ــ تەورێز، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەکی کورد کردووە و لە ئاکامدا دوو سەرنشینی ئەو ماشینە بە توندی بریندار بوون.

کامران عەبدۆیی کوڕی سوڵحەدین و ستار عەبدۆیی کوڕی چەرگز، ناوی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی کەتبانی سەربە شارستانی سەڵماسن کە بەتەقەی هێزە ئینتزامییەکان بریندار بوون.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە پاش بریندار بوون بۆ نەخۆشخانەی شاری تەورێز راگوێزراون و بەتوندی لەژێر چاەودێریی هێزە ئینتزامییەکان دان و هیچ کەس ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵیاندا نییە.
لێپرسراوانی ئەمنیەتیی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆکاری تەقە لەم هاووڵاتییە کوردانەی بۆ سرنج نەدان بە فرمانی مەئموورانی هێزی ئینتزامی گەڕاندۆتەوە.
پێشتریش لە رێکەوتی ١ی رێبەندان هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەناوی سمایل حاجی‌خدر خەڵکی گوندی هورموزاوێی ناوچەی گەورکی سەردەشت، بە تەقەی هێزە ئینزامییەکانی رێژیم کوژرا.
ئەو هاووڵاتییە کاتێک کە بە ماشێن لە حاڵی تێپەڕین بە ناوچەی گەورکدا بوو تەقەی لێکرابوو.