کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پێر مارتین کۆبووەوە

16:21 - 15 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ پێر مارتین نوێنەری سەنتر پارتی نۆروێژ دیدارێکی پێک هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو دیدارەدا کۆمەڵێک باس لە سەر بارودۆخی ناوچەکە و بەتایبەتی پرسە پێوەندیدارەکان بە ئێران و کوردستانەوە باسیان لێوە کرا.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات، باسی لە دەست تێوەردانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە کرد کە لە خۆیدا هۆکارێکە بۆ زیاتر بڵێسەسەندنی ئاگری شەڕ لەو وڵاتانە. هەروەها هەیئەتی حیزبی دیمۆکرات ئەوەی بۆ لایەنی نۆروێژی باس کرد کە کاروکردەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی کەمتر لە دڕندەیی داعش و گرووپە توندڕەوەکانی دیکەی ناوچەکە نین؛ بۆیە وڵاتانی ئۆروپایی پێویستە پشتگیری کورد و لایەنە میانەڕەوەکانی دیکەی ناوچەکە بکەن کە بە جیددی لە بەرامبەر دڕندەیی داعش و لایەنە توندڕەوەکانی ناوچە لە شەڕ دان.

لە بەشێکی دیکە ئەم دیدارەدا باس لە ڕێککەوتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کرا؛ لەو بارەوە هەیئەتی حیزب تەئکیدیان کردەوە کە بەم جۆرە رێککەوتنانە ناتوانرێت کۆماری ئیسلامی لە سەر سیاسەتی دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی لە نیوخۆی وڵات بوەستێنی.

لە لایەکی دیکەوە، بیرکردنەوەی وڵاتانی جیهان لە سەر بە ناو رێفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامی کە بتوانن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە سیاسەتی ئەو رێژیمەدا دروست بکەن، زۆر لە واقعیەتەوە دوورە. هەم بناژۆخوازان و هەمیش ئەو بە ناو ڕێفورمخوازانە باوەڕیان بە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی پاراستنی ئەو سیستمەدان. هەر لەم بارەوە ئاماژە بەوە کرا کە زۆرترین زیندانی‌کردن، لە سێدارەدان و کوشتنی خەڵکی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەو بە ناو ڕێفۆرمخوازانە لە سەر کارن. بۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بێدەنگ نەبن.

لە کۆتایی دا هەر دوو لایەن لە سەر بەردەوامی پێوەندییەکانی حدکا و سەنتر پارتی تەئکیدیان کردەوە.

هەر لە دڕێژەی دیدارەکاندا، هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەیئەتێکی گرووپی پارلمانی حیزبی پێشکەوتنخوازی نۆروێژ بە سەرپەرەستی کریستیان لارشن چاوپێکەوتنی پێک هێنا.

لەم دیدارەش ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستان باسیان لێوە کرا. لە باسەکاندا هەیئەتی حیزبی دێموکرات سیاسەتی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی و خۆشکردنی ئاگری شەڕ لە ناوچەکە لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ لایەنی نۆروێژی روون کردەوە. رۆڵی کورد لە ناوچەکە باسی لێوە کرا و لایەنی نۆروێژی زۆر بە ئەرێنی لە سەر ئەو رۆڵەی کورد باسیان کرد.

لە درێژەی باسەکاندا باس لە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران کرا. ئەوەش کە وڵاتانی ئۆروپایی پاش رێککەوتنە ناوکییەکەیان لەگەڵ ئێران هیوایان بەوەیە کە ئەو ڕێژیمە هەڵوێستی خۆی هەم بە نیسبەت ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە و هەم بە نیسبەت چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی نێوخۆ باشتر بکات تا ئیستا پێچەوانەکەی بینراوە. بۆیە بە پێویست زانرا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوپۆشی لەو هەڵسوکەوتانەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەکات.

پێوەندی هەر دوو حیزب تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو و هەر دوولا بە پێویستیان زانی پێوەندییەکانیان بەردەوام بێ.