کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی نوروێژی کرد

21:27 - 13 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی وەزارەتی دەرەوی نوروێژی کرد و لەو سەردانەدا باسیان لە ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە و پرسی کورد کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمە هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی لوقمان ئەحمەدی بەرپرسی کاروباری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی نوروێژی کرد و لەو سەردانەدا لەگەڵ شەل گوینار ئێریکسن (Kjell - Gunnar Eriksen) کۆبوونەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات باسێکی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پرسی کورد، دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و بیروڕای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر بارودۆخەکە پێشکەش بە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ کرد.

بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا باسی ئەوەی کرد کە ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی کە هێندێک لە وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەوانەیە زۆر درێژە بکێشێ و تەنانەت هێندێک وڵاتی دیکەش لەو نێوەدا ئێرانیش بگرێتەوە.

ئەحمەدی باسی لەوە کرد کە ئەو ئاڵۆزیانە چی دیکە تەنها پێوەندی بە ئەو وڵاتانەوە نییە و کاریگەرییەکانی وەک لێشاوی کۆچبەران بۆ ئورووپا و وڵاتانی دیکە و هەوەها دروستبوونی توندڕەویی ئیسلامی هەڕەشەیەکی جیدین لە سەر ئەمنییەتی جیهان بە تایبەتی ئورووپا. بۆیە پیویستە وڵاتانی ئورووپایی بۆ چارەسەرێکی گونجاو کە تێیدا نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە هەست بە بێبەشی نەکەن و بە مافە سیاسییەکانیان بگەن کاری جیدی بکات.

لە لایەکی دیکەوە، نوێنەری حیزبی دیمۆکرات باسی ئەوەی کرد کە بەشێک لە هۆکارەکانی ئەو ئاڵۆزیانە و درێژەکێشانی لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی لە عێراق کاریگەرییەکی زۆری لە سەر حکوومەتی زۆرینە شیعەی ئەو وڵاتە هەیە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی داوە کە عەرەبی سوننەی ئەو وڵاتە پەراوێز بخرێن.

ئەم کارەش زەمینەی بۆ گروپە توندڕەوەکانی سوننەکان خۆش کردوە کە بگەنە ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ دەیانبینین.

لە سوریەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کردوە و ڕێگر بووە لەوەی ئەسەد مل بۆ چارەسەری کێشەی ئەو وڵاتە بدات.

لە درێژەی دیدارەکەدا، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبڕ دێموکرات، باسی لە سەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کرد. ناوبراو ئەوەی وەبیر نوێنەری وەزارەتی دەرەوە هێنایەوە کە هەرکات کۆماری ئیسلامی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی نەرمی نواندوە، ئەوا لە نێوخۆی ئێراندا گوشارەکان بۆ سەر خەلک بە تایبەتی چالاکوانانی مەدەنی، کولتوری و سیاسی زیادیان کردوە.

دیارە زۆرتریش ئەو کاتانەیە کە بە ناو میانەرەوەکانی ئێران لە سەر کارن. هەر لەم پێوەندییەدا نوێنەری حیزب داوای کرد کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و نوروێژ پرسی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و نەتەوە بندەستەکانی ئێران پشتگوێ نەخەن.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی دەفتەری حیزبی کرێکارانی نوروێژی کرد، لەگەڵ ئود ئینگە کڤاڵهەیم (Odd-Inge Kvalheim) بەرپرسی پێوەندیەکانی دەرەوەی ئەو حیزبە کۆبوونەوە.

لەم دیدارەدا وێڕای باس لە بارودۆخی ناوچەکە و ئێران و کوردستان، باس لە پتەوترکردنی پێوەندی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کرێکارانی نوروێژ کرا.

هەرلە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتەدا، سەردانی پارلەمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ هەیئەتێکی پارلمانی حیزبی کرێکارانی نوروێژی سڤەین رواڵ هانسن (Svein Roald Hansen) دیداریان پێک هێنا.

لەم دیدارە دا نوێنەری حیزبی دیمۆکرات باسێکی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو ئاڵۆزیانە پێشکەش بە لایەنی نوروێژی کرد.

لەو بارەوە نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات تەئکیدی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی نەرێنی لەو کێشە و ئاڵۆزیانەدا هەیە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوپۆشی لەم ڕۆڵە نەرێنییەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەکات.

لە درێژەی باسەکاندا، نوێنەری حیزب دێموکرات باسی لە ڕێکەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە سەر بەرنامە ناوەکییەکەی ئەو وڵاتە کرد. لەم بارەوە باس لەوە کرا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگای باوەڕ نییە و دەستتێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەش ئەوە دەسەلمێنن کە کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پاوانخوازی و بێگومان بە شوێن خۆپڕچەککردنیش دا دەبێ.

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات باسی لە گۆڕینی سیستەمی سیاسیی ئێران بۆ سیستمێکی فیدراڵی کرد و ئەم گۆڕانەشی لە بەرژەوەندیی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە زانی کە لەخۆیدا بۆ جیهانیش گرینگە. هەروەها ئەحمەدی باسی لەوە کرد کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەییە و زۆربەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە لە نەتەوە بندەستەکان پێکهاتوە کە مافە سیاسییەکانیان لێ زەوت کراوە. ئەمەش وای کردوە کە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ ی زایینیەوە پێک هاتوە، کە داوای ئێرانێکی فیدراڵ دەکات.