کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ئاسیایی هاوردەی نەوت لە ئێران کەم دەکەنەوە

13:28 - 14 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەپێی راپۆرتێکی رۆیتێز، ئاسیا رێژەی هاوردەی نەوت لە ئێران، لەسەدا ١٢ی دیکە دادەبەزێنێت.
هەواڵدەریی رۆیتێرز لە راپۆرتێکدا لە زاری سەرچاوە هەواڵییەکانی پیشەی نەوت نووسیویەتی، وڵاتانی ئاسیایی لەم ساڵی زایینیدا هاوردەی نەوت لە ئێرانەوە لانی‌کەم هەتا لەسەدا ١٢ی دیکە دادەبەزێنن.
بەپێی ئەم راپۆرتە و بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی ئامار و داتاکانی شیرکەتە نەوتییەکان، کڕینی نەوتی ئێران لە ساڵی رابردوودا لە رۆژێکدا بۆ ١،٠٩ میلیۆن بەرمیل دابەزیوە و وڵاتانی ئاسیایی لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا هاوردەی نەوتی ئیران لە رۆژێکدا بۆ ١٣٥ هەزار بەرمیل کەم دەکەنەوە.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە کە ژمارەیەک کارناسی ئەو بوارە لەو بروایە دان کە قەبارەی دابەزینی کڕینی نەوت لە ئێران لە ئامارە فەرمییەکان زۆر زیاترە و ئێران لە ساڵی رابردوودا بەهۆی دابەزینی هەناردەی نەوت بۆ وڵاتانی ئاسیایی ١٤ میلیارد دۆلار زیانی کردووە.
فاتیح بیرۆڵ ئابووری‌زانی ئاژانسی جیهانیی وزە وتوویەتی: نەوتی عەرەبستان و بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت لەلایەن عیراق و ئیماراتەوە،جێگای هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازارەکانی ئاسیا پڕ دەکاتەوە.

هەفتەی داهاتوو گەمارۆی نوێئ ئەمریکا لەدژی ئێران دەچێتە بوای جێبەجێ کردنەوە، کە بەپێی ئەم گەمارۆیانە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران، پارەی نەوتی هاوردەی خۆیان لە ئێرانەوە دەبێ تەنیا رەوانەی هەژمارێکی بانکیی لە هەمان وڵاتدا بکەن.