کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی دانمارك بە نیشانەی ئێعتراز بە سزای ئێعدام لە ئێران یارمەتییە ماڵییەكانی بەو رێژیمە پچڕاند

17:32 - 21 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: وڵاتی دانمارك ساڵانە یارمەتیی ماڵیی رێژیمی ئێرانی بەمەبەستی خەبات بە دژی مادە سڕكەرەكان دەدا، بەڵام هەنووكە بە هۆی سەرەڕۆیی و چوونەسەریی رێژەی ئێعدامەكان، ئەو یارمەتیانە بەدەستی رێژیمی ئێران ناگات.
رۆژنامەی پولیتیكنی دانماركی بڵاوی كردەوە، وڵاتی دانمارك بڕیاری داوە لەمەوبەدوا بە هیچ شێوەیەك یارمەتیی رێژیمی ئێران بەمەبەستی خەبات دژی مادە سڕكەرەكان نەكات و راشیگەیاندووە رۆژ لەگەڵ رۆژ رێژەی بەكارهێنەرانی ئەو مادەیە دەچێتە سەر.
دانمارك یەكێك لەو چەند وڵاتانەی ئورووپاییە كە یارمەتیی رێژیمی ئێران بەمەبەستی بنبڕ كردنی دیاردەی بە كارهێنان و كڕین و فرۆشی مادەی سڕكەر دەدات.
بە هاتنە سەركاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ماوەی نزیك بە ٣٤ساڵدا، ١٢هەزار هاووڵاتیی بە تاوانی كڕین و فرۆشی مادەی سڕكەر ئیعدام كراون و ئەمە لەحاڵێكدایە كە ئێران ساڵانە ٦٠٠ هەزار دۆلار یارمەتیی لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەمەبەستی بنبڕ كردنی ئەو دیاردەیە وەردەگرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا ساڵی ٢٠٠٨‌ی میلادی یەكیەتی ئورووپا بە دەركردنی بڕیارنامەیەك رێژیمی ئێرانی بە هۆی زۆر بوونی رێژەی ئیعدامەكان مەحكووم كرد و هاوكاتیش رایگەیاند، ئەو بودجەیی كە بەمەبەستی بنبڕ كردنی مادەی سڕكەر بە ئێران دەدرێت بۆ سەركوتی هاووڵاتیان كەڵكی لێ‌وەردەگیرێت.
ماوەیەك لەمەوبەر ویكی لیكس هێندی بەڵگەنامەی بڵاو كردەوە كە دەرخەری كڕین و فرۆشی مادەی سڕكەر لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان بوو.
لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی دی ولتی ئاڵمانیش بڵاوی كردبووە، داهاتی سپای پاسداران لە قاچاخی مادە سڕكەرەكان گەیشتۆتە میلیاردها یۆرۆ.