کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی هیند بە تەواوەتی هاوردە کردنی نەوتی ئێران رادەگرێت

14:45 - 19 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: بەهۆی راگیرانی خزمەتگوزارییەکانی شیرکەتەکانی بیمەی وڵاتی هیند بە پاڵاوگەکان، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەو وڵاتە رادەگیرێت.
بەرپرسانی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی وڵاتی هیندوستان رایانگەیاندووە، بەهۆی توندتر بوونەوەی گەمارۆکان لەدژی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی بیمەی پالاوگەکانی نەوت، بە ناچار هاوردە کردنی نەوتی ئێران رادەگرن.
وڵاتی هیندوستان دوای چین، دووهەمین کڕیاری نەوتی وڵاتی ئێرانە کە لەسەدا ٢٥ی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بە نرخی یەک میلیارد دولار لە مانگێکدا، دەکڕێت.
هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە کە شیرکەتانەی بیمەی هیند بە تێکڕای پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتەیان راگەیاندووە، لە ئەگەری درێژە دان بە هاوردە کردنی نەوتی خاوی ئێران، خزمەتگوزارییەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.
ئێران تووشی زیانێکی قورس لەمەڕ راگیرانی هەناردە کردنی نەوت بۆ وڵاتی هیند دەبێت و زیانێکی کاریگەر و قەرەبوو نەکراو بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت.
کارگێڕی گشتیی پاڵاوگەی MRPL کە گەورەترین پاڵاوگەی کڕیاری نەوتی خاوەی ئێرانە، رایگەیاندووە، شیرکەتەکانی بیمەی هیند گوتوویانە کە ئەگەر درێژە بە هارودەی نەوتی خاوی ئێران بدەن، ئەوە خزمەتگوزارییەکانیان رادەگێرێت.
ئەم بەڕێوەبەرە وتوویەتی، ساڵی رابردووش (٢٠١٢) کێشەی بیمەی ئەو پاڵاوگانە کە نەوتی ئێرانیان هاوردە کردووە، هەبووە، بەڵام ئەوە کە چۆن ئەوە بابەتە ئێستا وروژێنراوە، جێی تێڕامان و ورد بوونەوەیە.
رۆیتێرز لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی: لە مانگی ژانوویەی ئەمساڵدا لە رۆژێکدا هیند ٢٨٦ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.
وڵاتی چینیش وەکوو گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوی ئێران داوای لە رێژیمی ئێران کردووە، نرخی نەوتەکەی لەسەدا ٢٢ کەم بکاتەوە. ئەم داواکارییە لەلایەن پاڵاوگەکانی هیندیشەوە هاتبووە ئاراوە.
کێشەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی هیند و چین دەتوانێ زەربەیەکی کاریگەر بە پەیکەری ئابووریی ئێران بگەیەنێت.
رۆستەم قاسمی وەزیری نەوتی رێژیمی ئێران، مانگی بەفرانباری ئەمساڵ رایگەیاندبوو، فرۆشی نەوتی ئێران لەسەدا ٤٠ کەمی کردووە، ئەمە لە کاتێک دایە کە سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران باسیان لە دابەزینی ٥٠%یی فرۆشی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا کردووە.
ساڵی رابردوو هەناردەی نەوتی ئێران نزیک بە ٢،٤ میلیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بوو کە هەنووکە بۆ یەک میلیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمی کردووە.