کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری تەندروستی: ٢٢ هەزاری تووشبووی ئەیدز لە ئێراندا بوونی هەیە

18:24 - 16 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: وەزیری تەندروستی رایگەیاندووە، تووشبوون بە ئەیدز لە رێگەی پێوەندیی جینسی، حەبی سەرخۆشکەر و مادەی وروژێنەر، رووی لە زیاد بوونە.


مەرزیە وەحیدی دەستجردی، وەزیری تەندروستیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، وێڕای ئاماژە بەوە کە ئامارێکی ورد و دروست لە ژمارەی تووشبوانی ئەیدز لە بەر دەستدا نییە گوتوویەتی: ئێستا لە ئێراندا ٢٢ هەزار تووشبووی نەخۆشیی ئەیدز بوونی هەیە.
وەزارەت تەندروستی لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، ژمارەی تووشبوانی بە نەخۆشیی ئەیدز ٢٣ هەزار و ١٢٥ کەس راگەیاندووە، ئامارێک کە لەگەڵ ئامارە بڵاو کراوەکانی وەزیری تەندروستی ناتەبایە.
بە وتەی دەستجردی، ئەگەری زێدە بوونی ئاماری ئەیدز لە نێوان ٥٠٠ هەتا ١٠٠٠ کەس لە ئارا دایە.
بە چەندوچوون کردنی ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز لە ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا، دەبوو ئامارە بەڵاو کراوەکان لەلایەن وەزیری تەندرووستییەوە زیادی کردبا، لە حاڵێکدا بەپێی ئەم ئامارانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە ئاماری تووشبوان کەمی کردووە.