کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەبارەت بە تەواوبوونی کاتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران

12:10 - 6 پووشپەڕ 2724

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٥ی پووشپەڕ لە دانیشتنێکدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەکەی ڕایگەیاند کە کاتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتنی بە چەکی ناوکی خەریکە تەواو دەبێت.

یواو گاڵانت لە پێنتاگۆن وتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت بۆ پێشگرتن لە بە ئاکام گەیشتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران هاوکاری بکەن" و جەختی لە سەر ئەوە کردووەتە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی جیهان و ناوچەکەیە.

گالانت زیادی کردووە کە کاتی بەڵێنی ساڵانی ڕابردووی ئەمریکا سەبارەت بە دەستڕانەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی گەیشتووە.

لوید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەم دانیشتنەدا وێڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی توندوتیژی و ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە زانی، جەختی کردەوە کە ئەمریکا بۆ گەرەنتیدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی هیچ کات دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات، لە پاڵ ئیسرائیلدا دەوەستێت.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕ بریتانیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بە دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە هۆشدارییان بە تاران دا.

مێکانیزمی ماشە ساڵی ٢٠١٥ لە ڕەوتی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتدا گونجێندراوە و باس لەوە دەکات کە ئەگەر تاران بە ڕێککەوتنەکە پێبەند نەبێت هەموو گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بۆ جارێکی تر دەخرێتەوە سەر ئیران.