مەنسوور مروەتی
سبەینێ هەینی ٨ی پووشپەڕ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرکۆماری لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێ. ئەوەی دیارە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە کە لە پاش کوژرانی برایمی ڕەئیسی، سەرکۆماری پێشوو بەڕێوە دەچێ، زیاتر لە ململانێیەکی توندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران و پیاوەکانی کۆماری ئیسلامی دەچێ هەتا هەڵبژاردن. چونکە ئەوەی بەئاشکرا دەبینرێ خەڵک بڕیاریان داوە دیسان بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بە دنیا بڵێن ئەم حکوومەتە سەرکوتکەرە مرۆڤکوژە نوێنەری ئێمە نییە و لەلای خەڵکی ئێران بە هەموو نەتەوەکانیەوە هیچ شەرعیەتێکی نەبووە و نییە. لەولاشەوە کۆماری ئیسلامی کە جگە لە هێزی سەرکوت هیچ هێز و نفووزێکی لەنێو خەڵکدا نەماوە، لە هەوڵی ئەوەدایە بەهەر فرت و فێڵێک بووە خەڵک بهێنێتە سەر سندووقەکان، تا بەڵکوو لەو ڕێگایەوە حەیای ڕژاوی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی چەند مانگ لەوەپێشی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کۆ بکاتەوە؛ کارێک کە زیاتر لە مەحاڵ دەچێ.
لەم ماوەیە کە هەر زوو کوژرانی ڕەئیسی و هاوڕێیەکانی لە بیر هاوبیرانی خۆشیان چوونەوە، ڕێژیم هەوڵی دا بەڵکوو بە سیناریۆیەکی دیکە بتوانێ بیروڕای خەڵک بەلاڕێدا بەرێ و بە گەرمکردنەوەی باسی ئوسوڵگەرا و ئیسلاحتەڵەب سەرنجی خەڵک بۆ لای هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشێ. بەڵام نە ئەم باسە بێئاکامە و نە دەمەتەقە بێناوەرۆکەکانی کاندیداکان هیچیان نەیانتوانی کەمترین جووڵەیەک لەنێو خەڵک و ڕای گشتیدا دروست بکەن. جگە لەوە دەڵێی ئیسلاحتەڵەبەکان و لە سەرووی هەموویانەوە محەممەدی خاتەمی سەرکۆماری پێشووترلە بیریان چووەتەوە کە سێ مانگ لەوەپێش بوو کە وتیان لە هەڵبژاردن بێهیوا بوونە و دۆخەکە بە شێوەیەکە ئیمکانی هیچ ئاڵوگۆڕێک لە وڵاتدا نەماوەتەوە. ئەی خێرە پاش ئەم ماوە کەمە هاتنەوە سەر هێڵی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن؟ تۆ بڵێی لەم دوو سێ مانگەدا چی گۆڕابێ کە لەو پەڕی بێهیواییەوە کە تەنانەت باسیان لە ڕووخانی ڕێژیم دەکرد ئێستا هیوایان لا زیندوو بووەتەوە و خەڵک بانگهێشتی سەر سندووقەکان دەکەن؟ بێگومان وڵامەکەش ڕوونە، هیچ شتێک ڕووی نەداوە و ئەوەی هەیە ڕێککەوتنی نێوان باڵەکانی ڕێژیمە بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی ڕەئیدان و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی کە لە دەرەوە و ژوورەوە بەرۆکی ڕێژیمی گرتوە و ڕۆژبەڕۆژ لە ڕووخان نزیکی دەکاتەوە.
گەورەترین پرسیاری خەڵک ئەم ماوەیەدا ئەوە بووە کە بۆچی ڕەئی بدەین؟ بۆ مەگەر ڕەئیدانی کەم و زۆر لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا چ دەسکەوتێک و چ خێروبێرێکی بۆ خەڵکی ئێران هەبووە؟ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا بە هیچ پێوەرێکی دێموکراتیک بەڕێوە ناچێ و جگە لە خۆیان هیچ کەس و لایەنی دیکە بۆی نییە بەشداری هەڵبژاردن بکا با لە لایەک بمێنێ، بەڵام ئایا هەر ئەم پاوانخوازانە توانیویانە لە ماوەی ٤٥ ساڵدا کەمترین پێشوەچوون و ئاسایش لە ژیانی خەڵکدا پێک بێنن؟ بۆچی چارەنووسی یەکێک لە دەوڵەمەنترین وڵاتانی سەرگۆی زەوی گەییشتووەتە جێگایەک ئەوڕۆ پارەی وڵاتەکەی بێقیمەتترین پارەی دنیا و ژیانی خەڵکەکەی بە ڕۆژێک گەیشتووە لە جیاتی سفرەی ڕازاوە سەر لە زبڵدانەکانەوە دەردێنن؟
پاش ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی چارەنووسی خەڵک وەهای لێ هاتوە ڕێژەیەکی کەمی سەناخوان و ماستاوچیی دەروبەری ڕێژیم و بەیتی خامنەیی کە بە میلیاردها میلیارد پارەی دزیەتی ژیانێکی خەیاڵییان بۆ خۆیان دروست کردوە، باقی خەڵکەکە بۆ نانی شەو موحتاجە و لە سایەسەری ئەم ڕێژیمەوە ئەوڕۆ بێکاری و هەژاری و نەداری و ئیعتیاد و دەیان و سەدان دەردی دیکە بڕستی لە ژیانی میلیۆنان بنەماڵەی ئێرانی بڕیوە و هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش بەرەو خراپتر بوون دەڕوا. لەم نێوەشدا سەرکۆمارەکان بە وتەی خۆیان جێبەجێکار و تەداروکاتچیەک زیاتر هیچی دیکە نین. کاندیداکانی ئێستاش هەمان شەریکە دز و مافیاکانی سپای پاسدارانن کە بۆ تاڵانکردن سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران و لە سەرکوتی خەڵکی بێ دەرەتانیشدا هەنگاوێک لە پێش هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە بوون. دەی ئەگەر دۆخەکە پاشی ٤٥ ساڵ وەهایە، خەڵک حەقیەتی پرسیار بکا، بۆچی ڕەئی بدەن و بۆچی بەشداریی ئەم هەڵبژاردنانە ببن؟
لە ڕابردوو گەڕێین، خۆ هێشتا خوێنی کچان و کوڕانی شەهید و برینداری شۆڕشی ژینا بەسەر شەقامەکانەوە وشک نەبووەتەوە، و دایکان و باوکانی ئازا بەڵام دڵبرینداری وڵات هێشتا کراسە ڕەشەکەیان لەبەر دانەکەندوە. لەم دۆخەدا ئایا ئیتر ڕەئیدان و هەڵبژاردنی سەرکۆمار هیچ مانایەکی بەلای خەڵکەوە هەیە؟ ئەی بۆ ئەو کات ئەم کاندیدایانە کە ئێستا لۆمەی گەشتی ئیرشاد و بەردی دیفاع لە ژنان و کچانی وڵات لە سینگ دەدەن متەقیان لێوە نەدەهات؟ لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا بۆ دیفاع لە خەڵک چییان کردوە و چییان وتوە کە ئێستا خەڵک باوەڕیان پێ بکا و رەئییان پێ بدا؟
سبەی جومعە جارێکیتر خەڵک بەتێکڕا بە بێدەنگی و بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، بە شکۆیەکی تەواوەوە "نا"یەکی دیکەی گەورە بە کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵ و لق و پۆپەکانیەوە دەڵێنەوە. بەیانی خەڵكی ئێران بۆ جارێکی دیکە بە دنیا دەڵێنەوە، ئەم ڕێژیمە دز و گەندەڵ و ئینسانکوژە لە لای ئێمە هیچ ڕەوایی و شەرعیەتێکی نەبووە و نەماوە.